بڕیارەکانی زەیدی و گڵۆپی سەوزی دادگای فیدراڵی؛ عێراق چۆن دەقە دەستوورییەکان لە هەرێم جێبەجێدەکات؟

‌

وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال

بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان ‌و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، دوای پەسەندکردنیان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، پرسیارێکی سەرەکییان هێناوەتە ئاراوە، ئاخۆ بەغدا چۆن بەکردەیی ئەم بڕیارانە جێبەجێدەکات ‌و کاردانەوەی هەولێر چۆن دەبێت؟


سێ سەرچاوەی هێزی عەلی زەیدی ‌و لاوازیی وەڵامەکانی هەولێر


عائید هیلالی شیکەرەوەی سیاسیی پێیوایە، هەنگاوەکانی عەلی زەیدیی هێزەکەیان لەسێ فاکتەری سەرەکییەوە وەردەگرن، ئه‌وانیش یه‌كه‌میان پشتیوانیی ناوخۆییه‌، بونی کۆدەنگییەکی سیاسیی لەبەغدا کە تەنها ماڵی شیعە نییە، بەڵکو هێزە سوننییەکان‌ و تەنانەت هەندێک لایەنی کوردیش پشتگیریی دەکەن، دوه‌میش گوتاری بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، بەستنەوەی بڕیارەکان بەدۆسیەی دزینی نەوت‌و پاراستنی سامانی گشتیی کە وادەکات هیچ لایەنێک نەتوانێت بەئاشکرا دژایەتیی بکات، سێیه‌میش دەسەڵاتی دەستوریه‌، پشتبەستن بەدەسەڵاتە فیدراڵییەکان‌ و ڕۆڵی تۆم باراک نێردەی ئەمریکا کە وەک کەناڵی فشارو پەیوەندیی کاردەکات، چونکە واشنتۆن کۆنترۆڵکردنی سنورو نەهێشتنی (ئابوریی سێبەر) بەبەرژەوەندیی خۆی دەزانێت.

لەبەرامبەردا، ناوبراو وەڵامەکانی هەولێر بەنەگونجاو لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگارییەکە وەسفدەکات ‌و دەڵێت، "تەنها دەرکردنی بەیاننامەی ڕەتکردنەوە و ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتیی پێگەی هەرێم لاوازدەکات؛ بەڵکو هەولێر پێویستی بەهەڵوێستێکی دانوستانکاری یەکگرتوو، بەڵگەی یاسایی ‌و پلانێکی کرداری هەیە".

ئاماژە بەوەشدەکات، سەرکەوتنی بەغدا بەندە بەجێبەجێکردنی بڕیارەکان بەبێ پێکدادانی سەربازیی‌و بەجۆرێک کە مافی هاوڵاتیانی هەرێم بپارێزرێت.


لێپرسینەوەی ئەمنی ‌و جیاوازیی کێڵگە نەوتییەکان


موخلید حازم ڕاوێژکاری ئەمنی، دوورخستنەوەی فەرماندە سەربازیی ‌و ئەمنییەکانی کەرکوک بەهەنگاوێکی پێشوەختەو لێپرسینەوەی کارگێڕی دەزانێت بەرامبەر کەمتەرخەمییان لەڕێگریکردن لەقاچاخچێتیی نەوت.

سەبارەت بەکێڵگە نەوتییەکانیش، حازم جیاوازی دەکات لەنێوان دوو جۆر کێڵگەدا، یه‌كه‌میان کێڵگە کۆنەکانه‌ كه‌ بەڕێوەبردنیان مافی حکومەتی فیدراڵەو هەرێم دەتوانێت لەپاراستنیاندا هاوکاربێت، دوه‌میش کێڵگە نوێیەکان (دۆزراوەکان)، پێویستیان بەهاوکاریی ‌و بەڕێوەبردنی هاوبەش هەیە لەنێوان بەغداو هەولێردا، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەڵەکەبوونی دوو دەیەی ڕابردوو.

سەروەريی دابەشناکرێت


لەڕووی یاساییشەوە، عەدنان شەریفی شارەزای یاسایی جیاوازی دەکات لەنێوان دابەشکردنی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان‌ و سەروەریی، جەختدەکاتەوە کە سەروەریی دەوڵەت دابەشناکرێت.

بەوتەی ناوبراو، "هەرچەندە فەرمانگەکانی گومرگ‌و ئاسایش لەناو دەروازە سنورییەکاندا دەکرێت بەهەماهەنگی لەنێوان هەولێرو بەغدا بەڕێوەببرێن، بەڵام دەروازەی سنوری وەک دامەزراوەیەکی سەروەریی، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە؛ هەروەک چۆن دادگای باڵای فیدراڵیش بەزۆرینەی دەنگ بڵاوەپێکردنی هێز لەسنوورەکان‌ و بەئەلیکترۆنیکردن ‌و چاودێریکردنی دەروازەکانی هەرێمی وەک مافێکی ڕەهای بەغدا پەسەندکرد.


PM:06:06:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو