کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی خۆیدا دەکرێت

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

حکومەتی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە، تاوەکو رێکارە پێویستەکان بگرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی یاسایی خۆیدا کە ساڵی 2027 دیاریکراوە.


بە پێی یاسا و پلانی پەسەندکراوی هەڵبژاردن، میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بە قۆناغی ئامادەکاری و خۆسازدان دەستپێدەکات و پاشان تۆمارکردنی دەنگدەران و بەربژێران و ئامادەکردنی بنکە و ئامێرەکانی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تا رۆژی 10ی کانوونی یەکەمی 2026، سەرجەم داتا نووسراوەکانی کارتی نیشتمانیی پارێزگاکان رادەستی کۆمیسیۆن بکرێن، تاوەکو لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشتیان پێ ببەسترێت.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026 رایگەیاند، سەرجەم فەرمانگەکانیان دەستیان کردووە بە دانانی خشتەیەک بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بە پێی خشتەکەش کارەکان تاوەکو 6 مانگ پێش وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت.

هەروەها ئاشکرای کرد، رۆژی 10ی کانوونی یەکەمی داهاتوو داتا نووسراوەکان بە تەواوی رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێن و دوای وەرگرتنیان، لە ئامادەکردنی دابەشکردنی سەرەتایی بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و نوێکردنەوەی داتای دەنگدەراندا سوودیان لێ وەردەگیرێت.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە لە رۆژی دەنگداندا ناتوانرێت تەنیا پشت بە داتا نووسراوەکان ببەسترێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی دەنگدەران و وتی: "بەبێ داتای بایۆمەتری ناتوانرێت لە رۆژی دەنگداندا ناسنامەی دەنگدەران پشتڕاست بکرێتەوە".

روونیشی کردەوە، رادەستکردنی داتای بایۆمەتری بەندە بە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی سیستمە تایبەتەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە، تاوەکو دواتر لە چوارچێوەی رێکارەکانی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولادا بگوازرێتەوە بۆ کۆمیسیۆن.

سەبارەت بەوەی ئایا نووسراوەکەی حکومەتی فیدراڵ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نووسراوەکە ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و ئەوانیش وەک کۆمیسیۆن ئامادەکاریی خۆیان دەکەن، ئەو رێکارانەشی لە پارێزگاکانی عێراقدا دەکرێن لە هەرێمیش ئەنجام دەدرێن، چونکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەندێک هەڵبژاردنیان هەیە، وەک دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی ئاوارەکان کە سەر بە پارێزگاکانی عێراقن.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە (هەولێر، دهۆک و سلێمانی)، ئامانج عەزیز ئاماژەی بەوە دا کە دەستوور و یاساکانی هەردوولا جیاوازن و ئەم پرسە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان لە عێراقدا بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 (هەمواری سێیەم) هەموارکراوەتەوە، کە ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و تەنیا پارێزگاکانی عێراق و ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ هاوکات لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023دا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیشدا دوای 18 ساڵ ئەنجامدرا.


AM:09:48:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت