گوتەبێژی حکومەتی عێراق: رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم سازشی لەسەر ناکرێت
وێستگەنیوز- ئارام
عەلی
حەیدەر
عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان لە
بودجەدا بە رێژەی %12.7 جێگیر کراوە،
بەڵام خاڵە ناکۆکەکان تایبەتن بە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان کە پێویستە هەرێم رادەستی
خەزێنەی دەوڵەتی بکات، جەختیشی کردەوە کە ئەم پرسە جێگەی سازش نییە و لە
کۆبوونەوەی نیشتمانیی رۆژی سێشەممەی داهاتوودا لەسەر بنەمای دەستوور و بڕیارەکانی
دادگای فیدراڵی تاوتوێ دەکرێت.
لە
لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلعێراقییە، حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو
دانیشتنەی گفتوگۆی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بانگهێشتی بۆ
کردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دۆسیە هەڵپەسێردراو و
ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.
روونیشی
کردەوە، گفتوگۆ نیشتمانییەکە بونیادنەر دەبێت و پشت بە دەستوور و بڕیارە
یەکلاکەرەوە و پابەندکەرەکانی دادگای باڵای فیدراڵی دەبەستێت، بە جۆرێک مافی
سەرجەم عێراقییەکان لە کوردستانەوە تاوەکو بەسرە دەستەبەر بکات، دووپاتیشی کردەوە،
سامانە نیشتمانییەکان موڵکی هەموو گەلی عێراقن، رادەستکردنی داهاتە نەوتی و
نانەوتییەکانیش بە خەزێنەی دەوڵەت بابەتێکە سازشی لەسەر ناکرێت و پێویستە
سامانەکان بەپێی رێژەی دانیشتووانی پارێزگاکان و هەرێم و بە گوێرەی دەستوور دابەش
بکرێن.
لە
تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ئابووری رایگەیاند، بڕیارەکەی عەلی زەیدی،
سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 5% لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان لە یەکی کانوونی یەکەمی داهاتووەوە، بە
ئامانجی سەقامگیریی ئابووری، سووککردنی باری سەرشانی هاووڵاتییان و رێگریکردنە لەو
قۆرخکارانەی نرخەکان بەرز دەکەنەوە.
ئاماژەی
بەوەش دا، پێشتر پێناسی گومرگی بەپێی جۆری کاڵاکان جیاواز بووە و یەکخستنی بۆ
بنبڕکردنی خۆدزینەوەی گومرگییە، هاوکات ئاماژەی بە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی کرد بۆ
زیادکردنی پشکی دۆلاری گەشتیاران لە 6 پشکەوە بۆ 12 پشک لە ساڵێکدا بە بڕی 3 هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتێک، کە کاریگەریی راستەوخۆی
لەسەر جووڵەی بازاڕ هەبووە و بەهۆی چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانیشەوە، نرخی
دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا بەرەو دابەزین دەچێت و حکومەت هەوڵ دەدات نرخی هەر
دۆلارێک بۆ 1550 دینار داببەزێنێت.
PM:08:58:27/11/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت