حکوومەتی عێراق: سەرۆک وەزیران جەختی کردووەتەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوورە لە هەر ناکۆکی و جیاوازییەک

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، پاراستنی سامانی نەوتی بەشێکە لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، دەشڵێت، رێنماییەکانی سەرۆک وەزیران روونن بۆ رێگریکردن لە هەر دەستکاریکردنێکی سامانی نەوت یان چوونی بۆ گیرفانی سوودمەندان، هاوکات سەرۆکوەزیران پەرۆشە بۆ پاراستنی گەلی کوردستان و جیاوازی لە نێوان پارێزگاکاندا ناکات و بەرگریکردن لە مافی عێراقییەکان لە زاخۆوە تا بەسرە بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەرۆک وەزیران سوورە لەسەر پاراستنی شایستە و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و مافەکانیان بە دەستوور پارێزراون، روونیشی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوورە لە هەر ناکۆکی و جیاوازییەک.

راستیی ئەو هەواڵانەشی رەتکردەوە کە باس لە جووڵەی یەکەکانی سوپا بەرەو هەرێمی کوردستان دەکەن، دووپاتیشی کردەوە، سەرۆک وەزیران جەختی لە پاراستنی گەلی کوردستان کردووەتەوە نەک هەڕەشەکردن لێی، وە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەرۆشە بۆ پاراستنی مافەکانی.

عەبوودی ئاماژەی بەوەش دا، ئۆپەراسیۆنی بەدواداچوون بۆ قاچاخچییەکانی نەوت و بڕینی شادەمارەکانی تۆڕەکانیان بەردەوامە، و حکوومەت دەستەوەستان نابێت بەرامبەر قاچاخی نەوت و بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوان دەکات، هەروەها پەردە لەسەر هەر کردارێکی قاچاخی سامانی نەوتی لە پارێزگا جیاوازەکاندا هەڵدەداتەوە.

وتیشیی، حکوومەت پەرۆشە بۆ دابینکردنی شایستەکانی سەرجەم عێراقییەکان لە بودجەی ساڵی 2027دا، لەنێویاندا رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان، وە گەلی هەرێمی کوردستانی دڵنیاکردەوە لەوەی کە فەرماندەی گشتی سەرقاڵی دابینکردنی پێداویستییەکانی هەموو عێراقییەکانە، هاوکات جەختی کردەوە کە دەستوور زامنی یەکێتیی عێراق و مافی گەلە و هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سامانی گەلی عێراق بەردەوامن.

ئەوەشی خستە ڕوو کە حکوومەت سەرکەوتوو بووە لە گەڕاندنەوەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە عێراق، و روونی کردەوە کە ئەو پارانەی لە گەندەڵکاران دەگەڕێندرێنەوە دەخرێنە ناو سندووقی نەوەکانەوە، و حکوومەت سوورە لەسەر رێگریکردن لە هەر کردارێکی بەقاچاخبردنی سامانی نیشتمان.


AM:12:14:26/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو