چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق رێککەوتن لەسەر گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغداد

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازییان لە دەستپێشخەریی فائق زیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد بۆ سازکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بە چاودێریی ئەو لە یەکی کانوونی یەکەمی 2026، بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی دەستووریی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات جەختیان لە پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027کردەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، بەشداریی کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقی کرد، کە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار و هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و فائق زیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەخۆگرتبوو، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی وڵات و دۆسیە لەپێشینەکان.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پێشوازییان لە دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی لەژێر چاودێریی ئەودا لە یەکی کانوونی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکە و میوانداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان یان هەر لایەنێکی یارمەتیدەر، بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی دەستووری بەگوێرەی دەستوور.

لە دۆسیەی دارایی و ئابووریدا، بەشداربووان جەختیان لە گرنگیی پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان کردەوە کە مافی هەموو پارێزگاکان و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بەگوێرەی شایستەییە دەستووری و یاساییەکان و لەپێشینەیی خزمەتگوزارییەکان دەستەبەر بکات، هەروەها پێداگرییان لە کارکردن بۆ زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی کردەوە لە سایەی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هەڵبەز و دابەزی هەناردەکردنی نەوتی جیهانی.

کۆبوونەوەکە ستایشی رێکارەکانی حکوومەتی لە جەرف سەخر کرد و جەختی لە هەماهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی دەستکەوتە ئەمنییەکان کردەوە، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ رێکارەکانی حکوومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی قاچاخی نەوت و بەرهەمەکانی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە چاودێری، ئەمنی و دادوەرییەکان بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بەگوێرەی یاسا دووپات کردەوە.

لە کۆتاییشدا، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بڕیاریاندا هەوڵی پێویست بدرێت بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، وە گرتنەبەری رێکارە ئەمنی و خزمەتگوزاری و کارگێڕییە پێویستەکان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی گەڕانەوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە کە یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیری و گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەکانیان.

 


PM:10:44:25/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو