عەلی زەیدی: ڕێکارەکانمان لەسەر بنەمای دەستوورن

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد


نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا جەخت لە سەربەخۆیی بڕیار و ڕێکارەکانی حکومەت لە ناو سنوورە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتدا دەکاتەوە و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لەژێر سەپاندن و ئاراستەکردنی لایەنە دەرەکییەکاندا هەنگاو نانێن.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: کۆماری عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو و دیموکراسیی فیدڕاڵییە، دەسەڵاتەکانی و ڕەوایی دامەزراوەکانی لە دەستوور و ئیرادەی گەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها حکومەتەکەی بە سەربەخۆیی تەواو و بەپێی یاسا و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی، بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە بڕیاری عێراقی پرسێکی تەواو نیشتمانییە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە: ئەو ڕێکارانەی حکومەت لە ناو سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا دەیانگرێتە بەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و تەنیا پشت بە دەسەڵاتە دەستووری و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەبەستن؛ ئەمانە وەک وەڵامێک نین بۆ هاندان، سەپاندن، یان ئاراستەکردن لە هیچ لایەنێکی دەرەکییەوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی عێراق ڕەوایی بڕیارەکانی لە هەڵوێست یان ئاراستەی دەوڵەتانەوە وەرناگرێت و چاوەڕێی هاندانی هیچ کەسێک ناکات بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە دەستووری و سەروەرییەکانی، بەڵکو بەپێی ئەوەی کە بەرژەوەندیی باڵای عێراق و مافەکانی گەلەکەی و پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەیخوازن، هەنگاو دەنێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا دووپات کراوەتەوە: «بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، مەرجەعییەتمان دەستوور و یاسایە و بەرژەوەندیی باڵای عێراق ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێست و ڕێکارەکانمان دیاری دەکات».


AM:08:08:25/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو