چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە بڕیارەکانی زەیدی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی مادەی (27)ـی دەستووری عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ رێکار و بڕیارەکانی حکومەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، عەلی زەیدی دووپات دەکاتەوە، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت و پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی یاسا.

 

دەشڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم رێکارانە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت لە رێڕەوی پاراستنی سامانی گشتی و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەم و تێوەگلاوان، هاوکات جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستیی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە رێگەی لایەنە دادوەری و چاودێرییە تایبەتمەندەکانەوە بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، تا هیچ لایەن و کەسایەتییەک لە لێپرسینەوە دەربازی نەبێت.

 

 

هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی رێکخستنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان و دەروازە سنوورییەکان کرددەوە بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، وە چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە، بە شێوەیەک مافە دەستوورییەکان و یەکڕیزیی بڕیاری نیشتمانی بپارێزێت.

 

چوارچێوەی هەماهەنگی داواشی لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەت بکەن و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە، چونکە پاراستنی سامانەکانی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و نیشتمانیی هاوبەشە و سامانی عێراقییەکان هێڵی سوورە.


PM:08:24:24/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو