عەلی زەیدی لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت بڕیاری توند دەردەکات
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای دوورخستەوە و بڕیاریدا بە وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم و کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، زەیدی بڕیاریداوە بە؛ بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دوورخستنەوەی هەریەک لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و سەرزەنشتکردنی بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانیی پارێزگاکە، هەروەها فەرماندەی لیوای 1ـی پۆلیسی وزە و جێگرەکەی، بەڕێوەبەرانی هەواڵگری و بازگەکانی لیواکە و بەڕێوەبەری بەشی پشکنین لە کەرکووک بەخشران، لەگەڵ دوورخستنەوەی کاتیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی و دوو بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی پیشەسازی تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، و رەوانەکردنی بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ لێکۆڵینەوە.
هەر بەپێی بڕیارەکان، دۆسیەکان رەوانەی دەستەی دەستپاکی و دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کراون بۆ لێکۆڵینەوە لە؛ گرێبەستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەگەڵ کۆمپانیای "میحوەر ئەلفزی" و کۆمپانیاکانی دیکە، دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی بازیان و کار، مۆڵەتی کارگەکان، خەرجکردنی پارە بۆ پاسەوانی مەدەنیی بۆرییەکان کە لە واقیعدا بوونیان نییە و ئاشکراکردنی بڕی بەرهەمە نەوتییە هەناردەکراوەکان لە دەروازەکانی هەرێمەوە.
زەیدی بڕیاریداوە هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمەوە تەنها بە رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بێت و سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە وەربگیرێنەوە. هاوکات وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزەی فیدراڵی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی (دیالە، کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا) دەگرنە دەست کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێمدان، و هێزەکانی سنوور و لیواکانی گرنگیپێدانی هاوبەش (1 و 2) دەروازە نافەرمییەکان و رێگا خۆڵەکانی نێوان هەرێم و ئەو پارێزگایانە دادەخەن.
لە کۆتایی بڕیارەکاندا فەرمان کراوە بە بەستنی پێوەری ئەلیکترۆنی لەسەر هەموو بیرە نەوتییە کاراکانی عێراق، نوێکردنەوەی سیستەمی چاودێریی دیجیتاڵی، دروستکردنی گۆڕەپان و تاقیگەی پشکنین لە بازگەکانی دەروازەی (سلێمانی، هەولێر و دهۆک)، و گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو و نەفتا لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی فیدراڵی لەو پارێزگایانە لە ماوەی (6) مانگدا.
AM:11:08:24/11/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت