چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و زیادکردنی داهاتی نانەوتی دەکاتەوە

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (302)دا پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و پاراستنی عێراق و ناوچەکەی لە مەترسیی فراوانبوونی ململانێکان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەکە، کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی عەبدولحوسێن موسەوی بەڕێوەچووە و تێیدا جەخت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ئەمنی، گەشەپێدانی داهاتی نانەوتی و کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان کراوەتەوە بۆ باشترکردنی بژێویی هاووڵاتییان.

لە تەوەری سیاسیشدا، پێشنیازەکانی تایبەت بە یاسای کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و جەخت لە چەسپاندنی شەفافیەت و دادپەروەری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کراوەتەوە، هاوکات رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی چوارچێوەکە بۆ یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان تاوتوێ کراوە.

لەسەر ئاستی دەرەوەش، کۆبوونەوەکە ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی چین و ئەمریکا و لێکەوتەکانی جەنگی ناوچەکەی هەڵسەنگاندووە، داوای یەکخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیشی کردووە بۆ راگرتنی گرژییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق.


PM:11:14:23/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو