عەلی زەیدی: بەمنزیکانە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی پەرلەمان دەکەین
وێستگەنیوز-
عەلی
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی پێشوازیکردنی لە سەرۆک و ئەندامانی
فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزم رایگەیاند، حکومەت کار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیاسای
بودجەی گشتیی ساڵی 2027 دەکات تا بەم نزیکانە رەوانەی
پەرلەمانی بکات، هاوکات جەختی لە بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و
سەروەریی یاسا کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـیتشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، پێشوازیی لە ڕەعد حەمید
دەهلەکی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزم لە پەرلەمان و ئەندامانی فراکسیۆنەکە
کرد، لە دیدارەکەدا ژمارەیەک دۆسیە و پرسی پەیوەست بە بوارە خزمەتگوزاری، ئەمنی،
سیاسی و ئابوورییەکان و ئەولەویەتی بەدەمەوەچوونی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان
تاوتوێ کران.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، زەیدی دووپاتی کردەوە، حکومەت
بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی،
چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا، پاراستنی سەروەریی عێراق و پارێزگاریکردن لە ئابووریی
نیشتمانی، هەروەها جەختی لە گرنگیی تەواوکاریی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و
یاسادانان کردەوە، داواشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد هەوڵەکانیان لە
بواری یاساداناندا دوو هێندە بکەن و رۆڵی چاودێریکردنیان بەسەر دامەزراوەکانی
دەوڵەتدا کاراتر بکەن.
زەیدی ئاماژەی بەوەش دا، حکومەت لە ئێستادا سەرقاڵی
تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییە بۆ ساڵی 2027، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕەوانەی
ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی.
لە بەرامبەردا، سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی عەزم
پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران و بەرنامەی حکومەت دەربڕی و
ستایشی ئەو هەنگاو و رێکارانەیان کرد کە لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی،
قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا لە سەرتاسەری عێراقدا
گیراونەتە بەر، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری بەهێز بکات و شکۆی دەوڵەت و
دامەزراوەکانی بچەسپێنێت.
PM:07:19:22/11/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت