بە تۆمەتی فرۆشتنی منداڵێکی تازەلەدایکبوو لە بەغدا 4 کەس سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

دادگای تاوانەکانی کەرخ سەپاندنی سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر 4 تاوانباردا راگەیاند، ئەوەش بەهۆی تۆمەتبارکردنیان بە فرۆشتنی منداڵێکی تازەلەدایکبوو لە شاری بەغدا.


بەپێی راگەیەندراوێکی دادگای تاوانەکانی کەرخ، بڕیاری سزادانی ئەو 4 تاوانبارە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەرکراوە، دوای ئەوەی دایک و باوکی منداڵە تازەلەدایکبووەکە بە هاوبەشی لەگەڵ 2 تۆمەتباری دیکەدا، منداڵەکەیان لە بەرامبەر بڕێک پارەدا فرۆشتووە.

دادگاکە روونیشیکردووەتەوە، بڕیارەکە بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (6) بڕگەی یەکەم و پێنجەم لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012 دەرچووە، هەروەها بەپێی ماددەکانی هاوبەشیکردن 47، 48 و 49 لە یاسای سزادان و بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی 132/2 لە هەمان یاسا.

بەگوێرەی یاسای ژمارە (28)ی ساڵی 2012ی عێراق، فرۆشتنی منداڵ بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەژمار دەکرێت و سزای زیندانیکردنی قورس و پێبژاردنی دارایی لەخۆدەگرێت.

لە ماوەی ساڵی 2026دا، دیاردەی فرۆشتنی منداڵی تازەلەدایکبوو و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق بەردەوام بووە و هێزە ئەمنییەکان و دادگاکان چەندین هەوڵی لەو جۆرەیان پووچەڵ کردووەتەوە و سزای توندیان بەسەر تۆمەتباراندا سەپاندووە.

لەو چوارچێوەیەشدا، لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر 5 ژندا سەپاند کە یەکێکیان دایکی منداڵەکە بوو، بە تۆمەتی فرۆشتنی منداڵێکی تازەلەدایکبوو بە بڕی 3 ملیۆن دیناری عێراقی.

هاوکات لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق توانی 2 تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە پارێزگاکانی بەغدا و زیقار هەڵبوەشێنێتەوە و رێگری بکات لە فرۆشتنی 2 منداڵی تازەلەدایکبوو کە تەمەنیان 1 رۆژ بوو، لەو دۆسیەیەشدا هەندێک لە تۆمەتبارەکان مامان بوون.


PM:02:46:22/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو