سبەی هەینی بڵاوەپێکردنی هێزە هاوبەشەکان لە جورف سەخەر دەست پێ دەکات و ڕێگاکان دەکرێنەوە
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، لە سبەینێ هەینییەوە دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزە هاوبەشەکان لە ناحیەی جورف سەخەر دەست پێ دەکات؛ بەپێی پلانە پەسەندکراوەکەش سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزە ئەرکەکان دابەش دەکەن و ڕێگای سەرەکیی ناوچەکە بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـەی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسە عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، پرۆسەی دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزە هاوبەشەکان لە سبەینێ هەینییەوە لە ناوچەی جەرف ئەلنەسر دەست پێ دەکات.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە واژۆی فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر شەممەری، دوای ڕەزامەندیی فەرماندەی گشتی، پلان و دابەشکردنی کەرتە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەم شێوەیە پەسەند کراوە:
وەزارەتی بەرگری: لیوای 38 لە فیرقەی 10 ئەرکی پاراستنی کەرتی نێوان ساتەری (یا حوسێن) تا چوارڕیانی فازڵییە و سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەگرێتە ئەستۆ.
وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17 سەنتەری ناحیەی جەرف ئەلنەسر لە ڕووباری فوراتەوە لە ڕۆژهەڵات تا ڕێگای (موسەییەب – فازڵییە) لە ڕۆژئاوا دەپارێزێت.
حەشدی شەعبی: لیواکانی 72 و 79 کەرتی نێوان ڕێگای (موسەییەب – فازڵییە) تا سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا دەگرنە ئەستۆ.
پۆلیسی وزە و دژەتیرۆر: فەوجێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت دەگرێتە ئەستۆ، و فەوجێکی دژەتیرۆریش لە سەربازگەی حامیە وەک هێزی یەدەگ دەبێت بۆ حاڵەتی لەناکاو.
کردنەوەی بازگە و ڕێگاکان: بازگەی پۆلیسی بابل لە چوارڕیانی فازڵییە بەرەو موسەییەب و بازگەی پۆلیسی ئەنبار بەرەو عامریەی فەلووجە دەکرێنەوە، هاوکات دەست دەکرێت بە کردنەوەی ڕێگای (موسەییەب – بەهبەهانی – چوارڕیانی فازڵییە – عامریەی فەلووجە) بە ڕووی هاتوچۆدا.
لە لایەکی دیکەوە، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕۆژی چوارشەممە لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی کردبوو کە کەرتی جەرف ئەلنەسر لەلایەن پێکهاتەکانی حەشدەوە (لیوای 72، لیوای 79 و فەوجی هێزە تایبەتەکان) بگیرێتە دەست و بۆرییە نەوتییەکەش لەلایەن پۆلیسی وزەوە بپارێزرێت.
PM:12:55:19/11/2026
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت