ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق بۆ پەرلەمان دواخرا
وێستگەنیوز- ئارام
عەلی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،
بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ئەنجامدانی وردبینیی زیاتر،
ناردنی پێشنیازی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان بۆ هەفتەی
داهاتوو دواخراوە.
یوسف کیلابی،
ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، هەرچەندە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە
بۆ پەرلەمان لەم هەفتەیەوە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم
دواخستنە لە چوارچێوەی ماوەی دەستووریدایە.
روونیشی
کردەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە
هەڵپەسێردراوەکان، مافە دەستوورییەکان و ناکۆکییە پەیوەندیدارەکانی بودجە پێش
ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت، چونکە ناردنی پڕۆژەیاساکە بەبێ چارەسەرکردنی
کێشەکان رەنگە مشتومڕە یاساییەکان ئاڵۆزتر بکات و پەسەندکردنی دوابخات، هاوکات
ئاماژەی بەوەش دا، هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێویستیی
وردبینیکردنێکی فراوان لە بودجەکەدا تاوەکو دڵنیایی لە دروستیی تەرخانکردنەکان و
میکانیزمەکانی جێبەجێکردن بدرێت، پێشبینیشی کرد هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی
ئەنجومەنی وەزیراندا دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە
تاوەکو ئێستا کاتی فەرمیی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـیعێراق بۆ پەرلەمان دیار نیە، لە کاتێکدا پشووی زستانەی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی
کانوونی یەکەمی 2026دا دەستپێدەکات.
بەپێی
خەمڵاندنەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، کۆی خەرجییەکانی بودجەی 2027 لە 217 ترلیۆن دینار تێدەپەڕێت و داهاتەکانیش بە 175 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێن، کە بەم پێیە کورتهێنانێک بە بڕی
نزیکەی 42 ترلیۆن دینار لە بودجەکەدا دروست دەبێت.
پشکی
کورد لە رەشنووسەکەدا:
لە رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان
بە رێژەی %12.7 لە کۆی خەرجییە فعلییەکان دیاری کراوە، کە
دەکاتە نزیکەی 12 ترلیۆن و 859ملیار دینار (12 ترلیۆن و 358 ملیار بۆ مووچە و بەکاربردن و تەنها 501 ملیار بۆ وەبەرهێنان)، بەپێی لێدوانی ئەندامانی لیژنەی داراییش،
ئەم بڕە لە راستیدا تەنها %6ـی کۆی گشتیی بودجەی عێراق پێکدەهێنێت و بەشی
دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات.
داوا
دەکرێت رێژەی هەرێم لە %12.7ەوە بەرز بکرێتەوە بۆ %14.14 بە پشتبەستن بە نوێترین ئاماری وەزارەتی
پلاندانان کە دەریدەخات دانیشتووانی هەرێم گەیشتوونەتە 6.5ملیۆن کەس لە کۆی 47 ملیۆن کەسی عێراق.
بەرپرسانی هەرێم و پەرلەمانتارانی کورد جەخت لەوە
دەکەنەوە، کە دەبێت لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بکرێنە دەقی یاسایی و پەلە بکرێت لە
دەرکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان.
لە
کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، داوای
تەرخانکردنی یەک بودجەی یەکگرتوو کراوە کە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم بگرێتەوە و دووربێت
لە مەرجی ئاڵۆزی (خەرجیی فعلی).
لەگەڵ ئەمانەشدا،رەشنووسی بودجە حەوت مەرجی
بۆ ناردنی پشکی هەرێم داناوە، کە دیارترینیان رادەستکردنی لانیکەم 445هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیەبە کۆمپانیای سۆمۆ، رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و غازی زیادە و قەدەغەکردنی
واژۆکردنی هەر گرێبەستێکی نەوتی بەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق.
رەشنووسەکە
هەرێم پابەند دەکات بە یەکلاکردنەوەی 9 ترلیۆن و 329 ملیار دینار شایستەی دارایی ساڵانی (2004- 2026)، هەروەها بڕینی 3ترلیۆن و 446 ملیار دینار قەرزی بانکەکان بە شێوەی قیستی
مانگانە بۆ ماوەی 7 ساڵ.
جگە لەوەش، گۆڕانکاری و گرژییە ناوخۆییەکانی ئەمدواییەی
هەرێمی کوردستان و داواکارییەکان بۆ جیاکردنەوەی پشکی پارێزگاکانی سلێمانی،
هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پشکی
هەرێم و پێگەی دانوستانکاری هەرێم دروست کردووە، چونکە پەرتەوازەیی ناوخۆیی و
ناکۆکیی نێوان لایەنە سەرەکییەکان (پارتی و یەکێتی) لەسەر ناعەدالەتی لە
دابەشکردنی داهات و پۆستەکان، وایکردووە شاندەکانی هەرێم بە یەک گوتار و یەک
هەڵوێستی بەهێزەوە نەچنە بەغدا، کە ئەمەش هەلی داوەتە لایەنە عێراقییەکان کە مەرجی
قورستر لەسەر هەرێم بسەپێنن و مل بۆ زیادکردنی پشکی هەرێم نەدەن.
PM:05:33:18/11/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت