فەرماندەیەکی پێشووی حەشدی شەعبی و دوو کەسی دیکە لە بەغدا بە بڕێک ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کران

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا ئاشکرایان کرد، حامید جەزائیری، کەسایەتیی ئایینی و فەرماندەی پێشووی حەشدی شەعبی، لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە پایتەختی عێراق دەستگیر کراون.


بەگوێرەی زانیاریی ئەو سەرچاوانە، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکە لەلایەن هێزێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانەوە لە ناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (رەیحانە) لە دیوی رەسافەی شاری بەغدا ئەنجام دراوە.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە داوە، ئەو دوو کەسەی لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا لەگەڵ جەزائیریدا بوون، یەکێکیان کارمەندە لە دەستەی حەشدی شەعبی و ئەوی دیکەیان کەسێکی مەدەنییە.

لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بەسەر 21 کیس لە ماددەی هۆشبەری جۆری "کریستاڵ"، هاوکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی حکومیی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا گیراوە
.
حامید جەزائیری پێشتر فەرماندەی لیوای 18ی دەستەی حەشدی شەعبی و سەر بە (سەرایای خۆراسانی) بووە، پێش ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی 2020دا لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە کۆتایی بە ئەرکەکەی بهێنرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لایەنە فەرمییەکانی عێراق هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان سەبارەت بە وردەکاریی زیاتری دۆسیەکە و سروشتی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەستگیرکراوەکان کراون، بڵاونەکردووەتەوە.


PM:02:35:18/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت