کەتائیبی حزبوڵڵا: کشانەوە لە جرف سەخر خەونە و هەرگیز نایەتەدی

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق مۆڵەتی بۆ کشانەوەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی جرف سەخر دیاری کردووە، سەرکردەیەک لە کەتیبەکانی حزب الله ڕەتکردنەوەی توندی خۆیان راگەیاند و جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناوچەکە جێناهێڵن، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە پلانێکی ورد ناوچەکە لە قاچاخی نەوت پاک دەکەنەوە.

بەگوێرەی لێدوانێک بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس)، ئەبو تالیب سەعیدی، سەرکردە لە کەتائیبی حزبوڵڵا، لە میانی گەشتێکی میدیاییدا لە جرف سەخر رایگەیاند، سەرەڕای ئەو مۆڵەتەی سەرۆکوەزیران بۆ کشانەوە دیاری کردوە، کەتیبەکان لە ناوچەکە ناکشێنەوە و وتی: بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئەو خەونەی دەیبینن بە کشانەوەی کەتیبەکان لە جرف سەخر هەرگیز نایەتە دی، تەنانەت ئەگەر لەسەر لاشە و خوێن و برینەکانیشمان بێت، هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەو گروپە ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی لیژنەی دادوەری کردووە بۆ پشكنینی دۆسیەی قاچاخی نەوت.

لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا، حەیدەر عبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کامێراکانی وەزارەتی ناوخۆ زانیارییەکانی قاچاخی نەوتیان پشتڕاست کردووەتەوە و حکومەت پلانی داناوە بۆ پاککردنەوەی تەواوەتیی ناوچەکە لە هەر لایەنێک کە یاری بە سامانی نەوت بكات. ئاماژەی بەوەش دا کە بەمزوانە رێکاری توند و پێشهاتی نوێ رادەگەیەنن، چونکە نەوت بەپێی دەستور موڵکی هەموو عێراقییەکانە.

ئاڵۆزییەکانی جرف سەخر لە پارێزگای بابل بەهۆی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، پێشتر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، پاش دوورخستنەوەی نۆ فەرماندەی ئەمنی، فەرمانی بە سوپا کردبوو ئامادەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەکە، لە کاتێکدا کەتائیبی حزبوڵڵا بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی رادەستکردنی پێگە سەربازییەکانی بە دەوڵەت.


PM:09:34:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت