زەیدی و قائانی لەسەر کشانەوەی کەتائبی حزبوڵڵا لە جرف سەخر رێککەوتوون

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی 


بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی (الحرة)ـی ئەمریکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێرییان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی جرف سەخر بکشێنەوە، ئەمەش دوای ئەوە هاتووە کە هەڕەشەی مووشەکی و درۆنی ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کرابوو.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی بەغدای کردووە و تا کاتژمێر چواری بەرەبەیانی لەگەڵ عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەدا بووە، کۆبوونەوەکەش دوای چەند کاتژمێرێک هاتووە لە گەیشتنی هەڕەشەیەک بۆ سەر سەرۆک وەزیران لە بارەی بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز بە مووشەک و درۆن، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بێنە ناو ناوچەی جرف سەخرەوە، کە ئەمەش وایکردووە نێردە دیپلۆماسییەکانیش لە بەغدا رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

لە ئەنجامی ئەو دیدارەدا، لایەنەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن کە تێیدا کەتائبی حزبوڵڵا بەم زووانە لە جرف سەخر (سەربه‌ پارێزگای بابل) دەکشێنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەدوور بگرن لەو هەڵمەتە سەربازییەی کە حکومەتی عێراق ئامادەکاریی بۆ دەکات، بەپێی پلانەکە، پاش کشانەوەی حزبوڵڵا، هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان و حەشدی شەعبی پێکەوە دەچنە ناو ناوچەکە.

سەرەڕای ئەم رێککەوتنە، هێشتا بە تەواوی دیارنیە کە ئایا تا رۆژی هەینی (کە دوا واده‌یه‌ بۆ کشانەوە) رێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە یان نا، و هەڵوێستی فەرمیی خودی حزبوڵڵاش لەسەر ئەم پێشنیازە تا ئێستا بە روونی نەخراوەتەڕوو.


PM:06:06:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت