لەسەر دۆسیەی جورف سەخر شاندێکی ئێران گەیشتە بەغدا

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

بە مەبەستی هێورکردنەوەی ئەو گرژییانەی لەبارەی دۆخی ناوچەی جورف سەخر لە نێوان حکومەتی عێراق و حزبوڵڵا سەریانهەڵداوە و رێگریکردن لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی، شاندێکی ئێرانی گەیشتە بەغدا.


بەپێی زانیاریی میدیا ئێرانییەکان، سەردانی شاندەکە بۆ ئەنجامدانی دانوستانە لەگەڵ لایەنە حکومییەکان، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان.

ئەم جووڵەیە دوای ئەو گرژییانە دێت کە لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لەسەر داهاتووی بوونی چەکداری و شێوازی بڵاوکردنەوەی هێزەکان لە جورف سەخر دروستبوون، لەم چوارچێوەیەشدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە بکشێنەوە، تاوەکو هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بچنە شوێنەکە و بەرپرسیارێتیی دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ.

لە بەرانبەردا وەک دەرچەیەک بۆ قەیرانەکە و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی نێوان هێزە حکومییەکان و گرووپە چەکدارەکان، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازیان کردووە حزبوڵڵا لە جورف سەخر بکشێتەوە و لە جێگەیدا هێزەکانی حەشدی شەعبی بڵاوبکرێنەوە، بەتایبەت ئەو لیوایانەی سەر بە عەتبەکانن و لە مەرجەعییەتەوە نزیکن.

لەلایەکی دیکەوە، باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە لێدوانێکی میدیاییدا دووپاتیکردووەتەوە، هەر گرووپێکی چەکدار رەتی بکاتەوە بچێتە ناو پلانی حکومەت بۆ هێشتنەوەی چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە، هیچ جێگەیەکی لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدا نابێت.

بەدری روونیشیکردووەتەوە، قۆناغی دووەمی پلانی چەککردن، رێکخستنەوەی بڵاوەپێکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی بوونیان بە جورف سەخریشەوە دەگرێتەوە، ئەمەش هاوتەریب دەبێت لەگەڵ چڕکردنەوەی بوونی سوپا و هێزە ئەمنییە ناوەندییەکان بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دۆسیەی ئەمنیدا.

پێشتریش دۆسیەی جورف سەخر بەهۆی رێکارەکانی حکومەت بۆ فراوانکردنی چاودێریی ئەمنی، گرژیی نێوان حکومەت و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی لێکەوتبووەوە، هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بە ناکۆکیی نێوان سەرۆک وەزیران و حزبوڵڵا کردبوو لەسەر تۆمەتی قاچاخچێتیی نەوت لەو ناوچەیەدا.

لە ئێستاشدا کە قەیرانەکە لەسەر داواکاریی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربەخۆی گرووپە چەکدارەکان و جێگیرکردنی هێزە فەرمییەکان لە چوارچێوەی پلانی چەککردندا بەردەوامە، ناڕەزایەتیی گرووپە چەکدارەکان و بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ترسی سەرهەڵدانی پێکدادانی ناوخۆیی دروستکردووە.


AM:08:36:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت