لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی قاچاخچێتیی نەوت بەرەو سلێمانی و باشماخ بەڕێکەوت

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی 


سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت پێکهێنراوە، پارێزگای کەرکوکی بەجێهێشتووە و بەرەو پارێزگای سلێمانی بەڕێکەوتووە تاوەکو لێکۆڵینەوەکانی لەوێ و دواتریش لە دەروازەی سنووریی باشماخ تەواو بکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لیژنەکە سەرەتا لە سلێمانی دەست بە کارەکانی دەکات و دواتر دەچێتە دەروازەی سنووریی باشماخ لە نێوان سلێمانی و ئێران، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەیانیی ئەمڕۆ لیژنەکە لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران گەیشتبووە کەرکوک و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان، بەرپرسانی کەرتی نەوت و نوێنەری فەرمانگە حکومییەکان ئەنجام دابوو بۆ وەرگرتنی وتە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت.

ئەم جووڵەیەی لیژنەکە لە کاتێکدایە کە پێشتر عەلی زەیدی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە قاچاخچێتیی نەوتی لە ناوچەی جرف سەخر وەرگرتبوو، کە تێیدا بوونی پرۆسەی قاچاخچێتی و پاڵاوگەی نایاسایی پشتڕاست کرابووەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش زەیدی بڕیاریدا تۆمەتباران رەوانەی دادگا بکرێن و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی، سەربازی و کارگێڕی لە پارێزگای بابل لە کارەکانیان دوورخرانەوە، لەنێویاندا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە و بەرپرسانی دەزگاکانی هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی، پۆلیسی وزە و کۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەکان.


PM:08:04:16/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت