حکومەتی عێراق پلاتفۆرمی تەلەگرامی قەدەغە کرد

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە عێراق بڕیاری دا پلاتفۆرمی تەلەگرام بلۆک بکرێت، ئەویش بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پابەندنەبوونی کۆمپانیای خاوەن پلاتفۆرمەکە بە یاسا و ڕێساکانی عێراق و نەگرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەڕۆکی پێشێلکاری.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، بڕیاری بلۆککردنی تەلەگرام لە عێراق بە پشتبەستن بە ڕێنمایی سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتە یاساییەکانی دەستەکە دراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیای بەڕێوەبەری تەلەگرام هەنگاوی پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ناوەڕۆکی پێشێلکاری لەسەر پلاتفۆرمەکە نەناوە و پابەندی یاسا و ڕێساکانی عێراق نەبووە؛ بۆیە دەستەکە بڕیاری داوە ئەم ڕێکارە ڕێکخراوەییە بەرامبەر کۆمپانیاکە بگرێتەبەر.

دەستەکە لە هەمان کاتدا ماوەی 30 ڕۆژی بە کۆمپانیاکە داوە بۆ ڕێکخستنی دۆخی یاسایی خۆی و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە کارکردنی لە عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییە ڕێکخراوەییەکانی دەستەکەدایە، بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی توندڕەوی، هاندانی ناکۆکی و توندوتیژی و ڕق، هەروەها بەکارهێنانیان بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی.

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕیارەی بە پابەندکردنی کۆمپانیای تەلەگرام بە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی عێراقی لەسەر پلاتفۆرمەکە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان و هاوکاری لەگەڵ دەستەکە بە پێی چوارچێوە یاساییەکان، وەسف کردووە.

دەستەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پابەندبوونی کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بە یاسا و ڕێساکانی عێراق، مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لە ناو وڵاتدا، و پاراستنی کۆمەڵگا و ئاسایشی نیشتمانی لە پێشینەی کاری ڕێکخستنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دایە.


PM:03:24:16/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت