فەرمانی چوونی هێزە چەکدارەکان بۆ جورف سەخر دەرچوو
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە ناوچەی "جورف سەخر" دەستکاریکردنی بۆرییەکانی نەوت، دوو پاڵاوگە، تانکەرێک و کۆگاکانی هەڵگرتنی نەوتی دەستنیشان کردووە، هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری چوونی هێزە چەکدارەکانی بۆ ناوچەکە داوە و ماوەیەکی نزیکیش بۆ دەرچوونی کەتیبەکانی حزبوڵڵا دیاری کراوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) روونی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی دۆسیەی "جورف سەخر" ماوەی چەندین ساڵە وەک دۆسیەیەکی داخراو ناودەبرێت، بەڵام حکومەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە یاساییەکان و بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی بۆ پاراستنی سامانی گشتی، رێکاری پێویستی بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت گرتووەتە بەر.
بە وتەی عەبودی، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە پشکنینی بۆ 6 شوێنی دیاریکراوی ناو راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵگری ئەنجام داوە و تێیدا دەستکاریکردنێکی روونی لە بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکەدا تۆمار کردووە، ئەوەش سەرەڕای هەوڵەکان بۆ داپۆشین و شاردنەوەی شوێنەواری دەستکاریکردنەکە، جگە لە دەستنیشانکردنی دوو پاڵاوگە، تانکەرێک و کۆگاکانی هەڵگرتن.
وتەبێژی حکومەت باسی لەوەش کرد، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی چوونی هێزە چەکدارەکانی بۆ ناوچەی جورف سەخر دەرکردووە و ماوەیەکیش بۆ دەرچوونی گرووپە چەکدارەکە (کەتیبەکانی حزبوڵڵا) دیاری کراوە کە وادەکەی نزیکە. هاوکات فەرمانی داوە تێوەگلاوان و تەواوی دۆسیەکە رەوانەی دادگا بکرێن و دەستەی دەستپاکیش رۆڵی خۆی لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لەو ناوچەیەدا بگێڕێت، لەگەڵ راسپاردنی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە هەر دیاردە و نیشانەیەکی دەرچوونی تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان.
عەبودی ئاماژەی بەوەش دا کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لە جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکانی بەرپرسانی ئاسایش لە سنووری بەرپرسیارێتییەکانیاندا کردووەتەوە تا رێگە بە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی وڵات و بەتایبەت سامانی نەوتی گەلی عێراق نەدرێت، دووپاتیشی کردەوە کە راسپاردەکان تەنها ناوچەیەک ناگرنەوە بەڵکو سەرجەم ئەو شوێنانە دەگرنەوە کە گومانی بەقاچاخبردنی نەوتیان تێدایە و هێزە ئەمنییەکان بە کردەیی دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کردووە. روونیشی کردەوە کە چوونی هێزە ئەمنییە یاساییە رێپێدراوەکان بە فەرمانی فەرماندەی گشتی، دۆخی ئاسایی بەڕێوەبردنی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی عێراقە و هێزە چەکدارەکان توانای خۆیان لە پاراستنی خاک، دابینکردنی سامانەکەی و پاراستنی ژیانی دانیشتووان دەسەلمێنن.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبودی وتی، حکومەت بە گوێرەی دەستوور کار لەسەر دۆسیەکە دەکات، بەوپێیەی دەستوور دەسەڵاتەکانی هەرێمی لە چوارچێوەی عێراقدا دیاری کردووە و ئەو دەسەڵاتانە بەو واتایە نین دەرچوون هەبێت لە سنوورە دەستوورییە رێکخەرەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم. هاوکات ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پەسەندکراو کرد لەسەر هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی دەزگا ئەمنییە راسپێردراوەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت.
PM:03:18:16/11/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت