راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق: حکومەت مووچە و شایستەی جووتیاران دەخاتە سەرووی هەموو خەرجییەکانییەوە

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی بڕی هەناردەکردن داهاتە داراییەکانی عێراق بەهێز دەکەن، جەختیشی کردەوە کە مووچە و خزمەتگوزارییەکان و شایستەی بەڵێندەران و جووتیاران لە پێشینەی خەرجییەکانی حکومەتدان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە زانستی دارایی گشتیدا چەمکێک هەیە بە ناوی (خاڵی هاوسەنگیی دارایی) کە پشت بە ئاستی خەرجی و داهاتە بەردەستەکان دەبەستێت، روونیشی کردەوە، بارودۆخی ئێستا و قەیرانە جیۆسیاسییەکان ئاڵنگاریی گەورەیان دروست کردووە، تەنانەت بۆ هەناردەکردنی نەوتیش کە لەناو مەترسیی بەرزدا ئەنجام دەدرێت.

باسی لەوەش کرد، دیاریکردنی خاڵی هاوسەنگیی دارایی لە ئێستادا پەیوەستە بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانەوە، کە لە سەرووی هەموویانەوە مووچە، کرێ، مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی دێن، ئەمە جگە لە شایستە داراییەکانی جووتیاران و بەڵێندەران و خەرجییە سەرەکییەکانی وەک چاککردنەوەی کارەبا و خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان.

جەختیشی لە گرنگیی بەکارهێنانی داهاتەکان بەپێی کارە لە پێشینە سەرەکییەکان کردەوە بەبێ پەنابردن بۆ قەرزکردن، ئاماژەی بەوەش دا، داهاتی نەوت خەمڵێندراوە و مانگانە تۆمار دەکرێت، بۆیە پێویستە تێکڕای داهاتی ساڵانە بەراورد بکرێت بە خەرجییە ساڵانەکان.

لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، بەڕێوەبردنی دارایی گشتی لە دۆخێکی نائاساییدا بەڕێوەدەچێت، چونکە قەیرانەکان کاریگەرییان لەسەر نزیکەی %90 داهاتی بودجەی گشتی هەیە کە پشت بە نەوت دەبەستێت، سەرکەوتنیش لەم دۆسیەیەدا تاقیکردنەوەیەکە بۆ تێپەڕاندنی وڵات بەرەو کەناری ئارامی بە کەمترین زیان.


PM:09:16:13/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت