حکومەتی عێراق دەروازەی سنووریی مەندەلی - سۆماری لەگەڵ ئێران داخست

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەمڕۆ هەینی 13ی تشرینی دووەم، حکومەتی عێراق دەروازەی سنووریی مەندەلی - سۆماری لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار داخست و داواش لە گەشتیاران دەکات روو لەو دەروازەیە نەکەن.

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 8ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینییەوە، دەروازەی سنووریی مەندەلی لە پارێزگای دیالە بەرامبەر دەروازەی سۆماری ئێرانی، بەتەواوی بەڕووی گەشتیاران و هاتووچۆی بارهەڵگرەکاندا دادەخرێت و بڕیارەکە بە فەرمی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەستەکە روونیشیکردووەتەوە، داخستنی دەروازەکە بە شێوەیەکی کاتییە و ئامانج لێی تەواوکردنی پێداویستییە هونەری و خزمەتگوزارییەکان و چاکسازیکردنە لە ژێرخان و نۆژەنکردنەوەی دەروازەکەدا، تاوەکو لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بارانبارین و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا کێشە بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان و کاروباری ناو دەروازەکە دروست نەبێت.

هەرچەندە لایەنی عێراقی ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ کردنەوەی دەروازەکە رانەگەیاندووە و بەستوویەتییەوە بە تەواوبوونی کارەکانەوە، بەڵام بەرپرسانی پارێزگای کرماشان پێشبینی دەکەن داخستنەکە تەنیا چەند رۆژێک بخایەنێت. لەو چوارچێوەیەشدا حەسەن رۆستەم زاد، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری جەختی کردەوە، جموجۆڵی بازرگانی ناوەستێت و شۆفێران دەتوانن لە رێگەی دەروازەکانی پەروێزخان و خوسرەوییەوە بەردەوام بن لە کارەکانیان.

دەروازەی مەندەلی دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە و لە دیوی ئێرانیشەوە دەکەوێتە قەزای گەیلان غەرب لە رۆژئاوای پارێزگای کرماشان، ئەم دەروازەیە لە ساڵی 2015ـەوە بەڕووی جموجۆڵی بازرگانیدا کراوەتەوە و رۆژانە نزیکەی 350 بارهەڵگر پێیدا تێدەپەڕن، کە بەرهەمی پیشەسازی، کانزایی و کشتوکاڵی لێوە هاوردە دەکرێت؛ بەدەر لەوەش رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی بەرەو مەزارگە ئاینییەکان.

داخستنی دەروازەی مەندەلی دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە 10ی تشرینی دووەم، عومەر ئەلوائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کردنەوەی دەروازەی شیبی لە پارێزگای میسان راگەیاند، کە لە 21ی تشرینی یەکەمەوە داخرابوو. بەپێی میدیا عێراقییەکان، لە سەرەتای بڕیارەکانەوە لە میسان ناڕەزایەتیی شۆفێرانی بارهەڵگر و بازرگانان سەری هەڵدا و هۆشدارییان لە پەککەوتنی بازاڕ، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و ناکۆکیی نێوان بەغدا و ئەنجومەنی پارێزگاکە دا.

پێشتریش فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە رایگەیاندبوو، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە بەغدا کردووە هەموو دەروازەکانی لەگەڵ ئێران دابخات جگە لە دوو دەروازە کە یەکێکیان لە هەرێمی کوردستانە، بەڵام دەستوەردان رەتدەکەینەوە".

جێی ئاماژەیە، دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا رێکارەکانی داخستن و رێکخستنەوەیان بەخۆوە بینی، پێش ئەوەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی خشتەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە شەلامجە، شیب و مەندەلی رابگەیەنێت.


AM:09:48:13/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت