بەمنزیکانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دەگاتە دەست عێراق

‌

وێستگەنیوز-ئارام عەلی 


فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند گرێبەست بۆ کڕینی سیستەمی پێشکەوتوو کراوە، لە هەفتەی داهاتوودا مانۆڕێکی سەربازیی بە تەقەمەنیی راستەقینە بەڕێوەدەچێت و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە تواناکانی وڵاتدا دەکرێت.

فەریق تەیار روکن موهەنەد ئەسەدی، فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق، لە دیدارێکدا وردەکاریی هەنگاوەکانی فەرماندەییەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، پلانێکی ستراتیژی بە سێ قۆناغ بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی دانراوە.

جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو سیستەمانەی گرێبەستیان لەسەر کراوە خاوەن کاراییەکی زۆرن و لە ململانێکانی ناوچەکەدا کاریگەرییان نیشانداوە، هەروەها رایگەیاند، بۆ ئامادەکاریی بەکارهێنانیان، تیمەکان و مەشقکاران گەیەنراونەتە ئەو وڵاتانەی کە سیستەمەکان بەرهەم دەهێنن.

سەبارەت بە مانۆڕە سەربازییەکە، فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی ئاشکرای کرد، رەزامەندیی سەرۆک ئەرکانی سوپا وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازی بە تەقەمەنیی راستەقینە لە هەفتەی داهاتوودا، کە تێیدا رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییە ئاسمانییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییەکان تاقی دەکرێتەوە.

دڵنیاییشی دایە هاووڵاتییان کە بە هەموو تواناوە کار بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی عێراق دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ سیستمێکی بەرگریی لە جیهاندا نییە بە رێژەی سەد لە سەد کار بکات، بەڵام کادری پسپۆڕ بە دوور لە چاوی میدیاکان ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.


PM:10:35:12/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت