بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە
وێستگەنیوز-
نوێترین داتاکانی
ڕێکخراوی ئۆپێک بازدانێکی گەورە لە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا
ئاشکرا دەکەن، کە تێیدا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بە ڕێژەی زیاتر لە 11% زیادی
کردووە و نزیک بووەتەوە لە پێنج ملیۆن بەرمیل.
بەپێی ڕاپۆرتی
مانگانەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە پشتی بە داتا فەرمییەکانی
عێراق بەستووە، بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026دا ڕۆژانە 489
هەزار بەرمیل زیادی کردووە؛ بە جۆرێک لە چوار ملیۆن و 399 هەزار بەرمیلی مانگی
ئەیلوولەوە گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 888 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
داتاکان
دەریدەخەن کە عێراق لە دوای سعوودیە، دووەم گەورەترین وڵاتی ناو ڕێکخراوەکە بووە
کە لەو مانگەدا زۆرترین زیادبوونی لە بەرهەمهێناندا تۆمار کردووە؛ لە کاتێکدا
بەرهەمی ڕۆژانەی سعوودیە بە بڕی 1.215 ملیۆن بەرمیل و کوەیتیش بە بڕی 326 هەزار
بەرمیل لە هەمان مانگدا هەڵکشاوە.
ئەم هەڵکشانە
بەرچاوەی بەرهەمی نەوتی عێراق لە دوای تێپەڕاندنی قەیرانی هەناردەکردن دێت؛ بەهۆی
ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە کەنداو و پەککەوتنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز،
بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بۆ نزمترین ئاست دابەزیبوو کە
تەنیا 1.4 ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە دوای ئاساییبوونەوەی گەشتە
دەریایییەکان، هەناردەکردن قۆناغ بە قۆناغ بووژاوەتەوە تاوەکوو گەیشتووەتە ئەم
ئاستە پێوانەیییەی ئێستا.
PM:06:55:12/11/2026
ئهم بابهته 24
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت