سەرۆک کۆماری عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی بەغدا ئەنجام دەدات
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لە چوارچێوەی گرژییە سیاسییەکان و لە دوای 5 رۆژ لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت، نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار ی عێراق، زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکردەی هێز و هاوپەیمانێتییە سەرەکییەکانی عێراق ئەنجام دا.
بەپێی راگەیەندراوی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار ی عێراق بە ئامادەبوونی د. خالید شوانی وەزیری داد، لە بەغدا پێشوازی لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد؛ لە دیدارەکەدا قەیرانی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی بۆ سەر تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق تاوتوێ کرا.
نووری مالیکی دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "ئەوەی لە مەیدانی سیاسیی هەرێمی کوردستان روودەدات، جێی بایەخی هەمووانە، چونکە هەر قەیرانێکی سیاسی لە هەرێم رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی بەغدا دەبێت، بۆیە پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و دامەزراوەیی لە هەرێم بەرژەوەندییەکی نیشتمانییە و ئەم قۆناغەش پێویستی بە زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و کاری هاوبەش هەیە".
هەر ئەمڕۆ، سەرۆک کۆمار ی عێراق لەگەڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆبووەوە و تێیدا دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان تاوتوێ کران و پێداگری لەسەر گرنگیی بەردەوامیی راوێژ لە نێوان هێزە سیاسییەکان کرایەوە بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی یەکریزیی نیشتمانی.
ئەم دیدارانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی فراوانتری سەرۆک کۆمار کە دوێنێ شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026 لە بەغدا دەستی پێکرد، کاتێک لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و جەختیان لە پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی کارنامەی حکومەت و بەهێزکردنی کاری دامەزراوەیی.
هەر لە هەمان رۆژدا، سەرۆک کۆمار بە ئامادەبوونی وەزیری داد، چاوی بە هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، و عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی کەوت؛ لە تەواوی دیدارەکاندا جەخت لەسەر رێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان، لێکنزیککردنەوەی دیدوبۆچوونەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و سەروەریی وڵات لە رێگەی دیالۆگی نیشتمانییەوە کرایەوە.
PM:04:45:08/11/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت