نێردەی سەرۆکی ئەمریکا: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک "شەشپاڵووی روبیک" وایە و عێراق لەبری پاشکۆیەتی سەروەریی هەڵبژاردووە

‌

وێستگەنیوز-

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکەی شەوی رابردووی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا دەربڕی و جەختی کردەوە کە بەغدا لەبری پاشکۆیەتی و بوون بە بریکاری لایەنی دیکە، سەروەری و شەراکەتی هەڵبژاردووە.


باراک لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەی بە "یاریی شەشپاڵووی روبیک" چواند کە هەر 6 رووەکەی گرێدراوی یەکدین و ئەگەر یەکێک لە رووەکانی بجوڵێنرێت سەرجەم رووەکانی دیکە دەجوڵێن، لەو بارەیەوە وتی: "هیچ تاکە وڵات و هیچ هێزێکی دەرەکی، بە تەنیا ناتوانێت ئەم یارییە چارەسەر بکات، بەڵکو تەنها کاتێک چارەسەر دەبێت کە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بڕیار بدەن بە سەبرەوە و پێکەوە رووەکان بجوڵێنن".

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە عێراق بە دیاریکراوی لەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێت و وتی: "لە سایەی سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیراندا، عێراق لەبری پاشکۆیەتی سەروەری، لەبری داکشان وەبەرهێنان، و لەبری ئەوەی بریکاری لایەنی دیکە بێت، شەراکەت هەڵدەبژێرێت".

باراک باسی لەوەش کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازی دەکات بە وەستان لە پاڵ عێراقدا، ئەوەش لە رێگەی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، کردنەوەی دەرگا بە رووی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەهرە عێراقییەکاندا، بە ئامانجی بنیادنانی خۆشگوزەرانی بۆ بەرژەوەندیی هەمووان.

سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، تۆم باراک ئاشکرای کرد کە تاوتوێی کاری قورسی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانیان کردووە، لەوانەش کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان پێش ئەوەی تەشەنە بسەنن لەگەڵ هەڵبژاردنی رێگەی دیپلۆماسی لەبری ئاڵۆزکردن، وتیشی: "ئەم بەرپرسیارێتییە لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکە و ئەو دراوسێیانەی ئامادەن بەرپرسیارێتیی ئاسایش و داهاتووی خۆیان بگرنە ئەستۆ، ئەمریکاش تەنها هاوبەشێکە لەم پرۆسەیەدا، نەک ئەوەی بەدیلی پرۆسەکە بێت".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێردەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە بوونی عێراقێکی سەربەخۆ و گەشەسەندوو، لە چوارچێوەی ناوچەیەکدا کە بەرپرسیارێتیی سەقامگیریی خۆی بگرێتە ئەستۆ، هەم لە بەرژەوەندیی عێراقییەکان و دراوسێکانیاندایە و هەم لە سوودی ئەمریکاشە.


PM:12:25:06/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو