عێراق دەنگۆی هێرشکردنە سەر دیالە و کوژرانی هادی عامری رەتدەکاتەوە

‌

وێستگەنیوز-

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە فەرمی هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە و بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی شیعە دەکەن.


ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونکردنەوەی دا و رایگەیاند: "تەواوی ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی هەر جۆرە بەئامانجگرتن یان بۆردومانی فڕۆکەی جەنگی لە سنووری پارێزگای دیالە دەکەن، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی یاسایی و مەیدانییان نییە".

پێشتر بەشێک لە میدیا عێراقییەکان هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردبووەوە، کە فڕۆکەی نەناسراو بارەگاکانی لیوای 62 (سەر بە هادی عامری) و لیوای 12ی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییان لە دیالە بۆردومان کردووە. لەو هەواڵانەدا ئیدیعای ئەوە کرابوو کە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر کوژراوە و تاڵب ئەلموس یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەشد بە سەختی بریندار بووە. هاوکات چەند شایەتحاڵێکیش لە دەوروبەری دیالە ئاماژەیان بە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە کاتی پێشنیوەڕۆدا کردبوو، بەڵام حەشدی شەعبی و میدیا فەرمییەکانی ئەو هەواڵانەیان پشتڕاست نەکردەوە.

لە بەرامبەردا، سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە بارودۆخی پارێزگای دیالە بە تەواوەتی سەقامگیرە و هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی لە سەرجەم سەنگەر و بارەگاکانی خۆیاندا لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەردەوامن.

هەروەها لایەنە ئەمنییەکان هۆشداریی توندیان داوەتە دامەزراوە میدیاییەکان تا نەکەونە داوی شەڕی دەروونی و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بێبنەما بەدوور بگرن، کە لەم قۆناغەدا ئامانج لێی شێواندنی ئارامیی ناوخۆیی و دروستکردنی پشێویی سیاسییە.


PM:01:10:03/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت