عێراق کاروانێکی نوێی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وەردەگرێت
وێستگەنیوز-
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی چاوەڕوانی گەیشتنی کاروانێکی نوێیە لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، کە چەک، پێداویستییە سەربازییەکان، رادار و سیستەمەکانی مووشەکیی دژەمووشەک و درۆن لەخۆدەگرێت.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەگەڕخستنی ئەم سیستەمە بەرگرییە نوێیانە گۆڕانکارییەکی ستراتیجی دەبێت لە پرۆسەی بونیادنانی هێزە چەکدارەکاندا، بە ئامانجی سەپاندنی سەروەری بەسەر تەواوی ئاسمانی عێراق و پاراستنی لە هەر هەڕەشە و پێشێلکارییەک.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی روونیشیکردەوە، ئامانجی سەرەکی لەم پرۆژەیە پارێزگاریکردنە لە ژێرخانی نەوتی و ئابووریی وڵات لە بەرامبەر هەر پەلامارێکدا. وتیشی: "بە تەواوبوونی ئەم هەنگاوە، عێراق پێویستی بە هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئەمنیی دەرەکی نابێت".
هەر بەپێی وتەی ناوبراو، ئەم سیستەمە نوێیانە رێگە لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق و پێشێلکردنی لە ململانێ هەرێمییەکاندا دەگرن، هاوکات رووپۆشێکی بەرگریی بۆ یەکە زەمینی و دەریاییەکان دابین دەکەن لەگەڵ تۆڕێکی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، کە دەبێتە هۆی دیاریکردنی هەڕەشەکان، بەتایبەت مووشەک و درۆن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.
گەیشتنی ئەم کەلوپەلە سەربازییانە لە کاتێکدایە، لە ماوەی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، ئاسمانی عێراق بەبێ پرسی فەرمیی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بەکاردەهێنرا و لە رێگەیەوە فڕۆکە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان هێرشیان دەکردە سەر ناوخۆی ئێران.
AM:10:10:26/10/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت