بانکی ناوەندی: پێشبینی گەیشتنی یەک ملیار دۆلاری کاش دەکەین کە بەهای دینار بەرز دەکاتەوە
وێستگەنیوز-
وتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، جووڵەکانی سەرۆک وەزیران ڕۆڵی هەبووە لە ڕازیکردنی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ ناردنی دۆلاری کاش، پێشبینیش دەکات باری نوێی دۆلار بگاتە عێراق کە بڕەکەی دەگاتە یەک ملیار دۆلار و ئەوەش بەهای دینار بەرز دەکاتەوە.
دوێنێ شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، وتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق زانیاریی نوێی لەسەر ناردنی دۆلاری کاش بۆ عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، جووڵە و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆڵی کارای هەبووە لە رازیکردنی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ بەردەوامبوون لە ناردنی دۆلاری کاش.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەهای یەک باری دۆلاری کاش کە دەگاتە وڵات، دەگاتە نزیکەی نیو ملیار دۆلار، زیادبوونی ئەو بارانەی دۆلاریش سەقامگیریی بازاڕ بەهێزتر دەکات و خواست لەسەر دۆلار کەم دەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی داهاتوودا پێشبینی گەیشتنی باری نوێی دۆلاری کاش دەکەین بۆ عێراق کە ڕەنگە بڕەکەی بگاتە یەک ملیار دۆلار.
لە کۆتاییشدا وتەبێژەکەی بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە کە، زیادبوونی خستنەڕووی دۆلاری کاش لە بازاڕەکاندا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت و دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار.
AM:08:29:25/10/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت