هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوای پاراستنی خۆپیشاندەران و پەسەندکردنی بودجە دەکات

‌

وێستگەنیوز-


هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە 40ەمین کۆبوونەوەی خولی خۆیدا جەختی لەسەر مافی یاسایی خۆپیشاندەران و پاراستنیان کردەوە، هاوکات داوای کرد یاسای بودجە لە وادەی دەستووری خۆیدا پەسەند بکرێت و سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی هەمەجۆر بکرێن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران میوانداریی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کرد، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری.

دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگییدان بەم بابەتانە کرایەوە لە سایەی ئاڵۆزییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها داوا لە هەموو لایەک کرا پابەندی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات بن.

هاوپەیمانییەکە رایشی گەیاند، مافی خۆپیشاندان لە دەستووردا دەستەبەر کراوە و داوای کرد پاراستنی پێویست بۆ خۆپیشاندەران دابین بکرێت و گوێ لە داواکارییە رەواکانیان بگیرێت، بە مەرجێک زیان بە موڵکی گشتی و ئاسایشی هاووڵاتییان نەگەیەنرێت و ڕێگەکان دانەخرێن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە کات و وادەی دیاریکراوی دەستووریدا کرایەوە، تاوەکو دادپەروەری لە دابەشکردنی ساماندا بەدی بێت و پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان دابین بکرێن، هاوکات هاوپەیمانییەکە دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی دامەزراوەکان کرد بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی و فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوت بە مەبەستی بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری.


PM:11:48:24/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت