عێراق دەروازەی سنووریی شەیبی لەگەڵ ئێران داخست؛ تاران بە بڕیارەکە شۆک بووە
وێستگەنیوز-
دەسەڵاتدارانی عێراق لە بڕیارێکی لەناکاو و چاوەڕواننەکراودا، فەرمانی داخستنی دەروازەی سنووریی "ئەلشەیب"یان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرکرد، لە بەرامبەردا بەرپرسانی تاران ناڕەزایەتی دەردەبڕن و رایدەگەیەنن کە پێشوەختە ئاگادار نەکراونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی پارێزگای میسان ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 6:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەروازەی سنووریی "ئەلشەیب" (هاوسنوور لەگەڵ دەروازەی چەزابە لە پارێزگای خووزستان) لە رۆژهەڵاتی پارێزگای میسان تا کاتێکی نادیار داخراوە، بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هۆکاری داخستنەکە بۆ "کاروباری هونەری" گەڕێنراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتە میدیاییەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوە حکومییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، داخستنی دەروازەی شەیب تەنها سەرەتای پرۆسەیەکە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین دەروازەی وشکانی و سنووریی دیکەی نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەکی پلەبەپلە دابخرێن، هاوکات کەناڵی "ئەلعەرەبییە" بڵاویکردووەتەوە کە بەغدا بەتەمایە لە قۆناغی داهاتوودا هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران بەتەواوی دابخات.
لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوەدا، وەزارەتی ناوخۆی ئێران نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی، وتەبێژی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە داخستنی ئەو دەروازەیە شۆک بووە، چونکە بەپێی رێککەوتنی فەرمیی نێوان بەغدا و تاران، دەبوو لە ئەگەری داخستنی هەر دەروازەیەک بۆ ماوەی زیاتر لە رۆژێک، لایەنەکەی دیکە لانیکەم 1 رۆژ پێشوەختە ئاگادار بکرێتەوە، بەڵام عێراق بە پێچەوانەی رێککەوتنەکە هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەی بە تاران نەداوە.
جێی ئاماژەیە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە 12ی ئەیلوولی رابردوودا رێنمایی تایبەتی بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران دەرکردبوو کە دەروازەی شەیبیشی دەگرتەوە، ئەو بڕیارەش دوای ئەوە هات کە سەلمێنرا تاران دەستی لەو هێرشە درۆنییانەدا هەبووە کە لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجامدران و بۆرییەکی نەوتیان لە رۆژهەڵاتی وڵاتی سعوودیە کردە ئامانج.
AM:11:32:21/10/2026
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت