دەستەی کەشناسیی عێراق: شەپۆلێکی 10 ڕۆژەی باران و هەورەبرووسکە ڕوو لە هەرێم و عێراق دەکات
وێستگەنیوز –
دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە شەپۆلێکی 10 ڕۆژەی بارانبارین و هەورەبرووسکە ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم و عێراق دەکات و لەئەمڕۆوە کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت.
ئەمرۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ناجێگیری لە کەشوهەوادا سەرهەڵدەدات و شەپۆلێکی بارانبارینی پچڕپچڕ بە بڕی جیاواز ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و عێراق دەکات، کە پێشبینی دەکرێت کاردانەوەکانی تا 10 ڕۆژی داهاتوو بەردەوام بێت.
باس لەوە کراوە شەپۆلی یەکەم لەمڕۆ سێشەممە 20ـی مانگەوە دەستپێدەکات و تا چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا ئەگەری بارینی تاوەبارانی سووک تا مامناوەند هەیە، هاوکات لەگەڵ دروستبوونی هەورەبرووسکە، بەرزبوونەوەی خێرایی با و دروستبوونی تۆز و خۆڵی ناوخۆیی لە هەندێک ناوچەدا.
لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، هاوشانی گۆڕانی ئاراستەی با و چڕبوونەوەی هەورەکان، بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ پارێزگاكان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
دهۆک 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی و نەینەوا 28 پلەی سیلیزی
هەولێر، کەرکوک و ئەنبار 29 پلەی سیلیزی
بەغداد، سەڵاحەدین و دیالە 31 پلەی سیلیزی
کەربەلا و بابل 32 پلەی سیلیزی
نەجەف و دیوانییە 33 پلەی سیلیزی
واست 34 پلەی سیلیزی
میسان و موسەننا 35 پلەی سیلیزی
زیقار و بەسرە 36 پلەی سیلیزی
AM:09:35:20/10/2026
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت