وەزارەتی تەندرووستی عێراق: نرخی دەرمان لە 15% بۆ 20% زیاد دەکات
وێستگەنیوز-
وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە فەرمی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری لە سیستەمی نیشتمانیی تایبەت بە دیاریکردنی نرخی دەرمان بەرزکردەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی فەرمیی نرخی دەرمان لە نێوان 15% بۆ 20%.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق/ فەرمانگەی کاروباری هونەری کە بە ژمارە (د.أ.ف/3/9/ 88449) لە رێککەوتی 12ی 10ی 2026 بە واژۆی دکتۆر جاسب لەتیف عەلی، بەڕێوەبەری گشتی دەرچووە و وێنەیەکی دەست وێستگەنیوز کەوتووە، ئاراستەی فەرمانگەی نۆڕینگە پزیشکییە میللییەکان کراوە بە مەبەستی گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، پاڵپشت بە رەزامەندیی بریکاری هونەری لەسەر نووسراوی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق ژمارە 718 و بڕیاری ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 42827، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی لە "سیستەمی نیشتمانی بۆ بەدواداچوونی دەرمانی Gudea" گۆڕدرا بۆ 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
وەزارەتی تەندروستی روونیکردووەتەوە کە لەسەر ئەم بنەمایە لەزگەی نوێ بۆ نرخەکان چاپ دەکرێت، هاوکات سەبارەت بەو لەزگانەی کە پێش گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕ چاپ کراون، بە نرخی پێشوو رادەستی کارگە نیشتمانییەکان و نووسینگە زانستییەکان دەکرێن.
دەرچوونی ئەم فەرمانەی بەغدا بەهۆی گرانبوونی نرخی دۆلارەوە بووە، کە بەهۆیەوە بەهای دەرمان لە سەرانسەری عێراقدا بە فەرمی لە نێوان 15% بۆ 20% بەرز دەبێتەوە.
PM:01:57:19/10/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت