عێراق لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا دەستپێشخەرییەکی ستراتیژی رادەگەیەنێت

‌

وێستگەنیوز-

لە میانی کردنەوەی کارەکانی خولی 52ەمی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، عێراق وێڕای بەخێرهێنانی شاندە بەشداربووەکان و پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونی ئەمینداری گشتیی نوێی رێکخراوەکە، چەندین تەوەری گرنگی پەیوەست بە هاوکاریی نێوان وڵاتان و قەیرانەکانی ناوچەکەی خستە روو.


لە میانەی وتاری دەستپێکی خولەکەدا، دەستپێشخەرییەکی تایبەت لەلایەن عێراقەوە پێشکەش کرا بە مەبەستی بەدیهێنانی تەواوکاری لە نێوان تۆڕەکانی وزە، هێڵی ئاسن، هۆکارەکانی گواستنەوە و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا، هاوکات لەگەڵ برەودان بە سیستەمەکانی پارەدانی دیجیتاڵی، پلاتفۆرمە بازرگانییەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان ناوچە پیشەسازییەکاندا؛ ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، ئاسایش و بەهێزکردنی توانای وڵاتان لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی، ئاماژە بەوە کرا کە عێراق بەردەوام باجی کاریگەریی ناکۆکییە هەرێمییەکان و زیانە ئابوورییەکانی داوە، هاوکات جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕ سەبارەت بە پرسی فەلەستین کرایەوە وەک جەوهەری تەنگژەکانی ناوچەکە، کە دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی گەلی فەلەستین تاکە زامنی گەڕانەوەی ئارامییە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەدا، داواکاری بۆ ئازادیی جموجۆڵی بازرگانی و پاراستنی رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان خرایە روو، شانبەشانی داواکاری لە وڵاتانی ئەندام بۆ هەوڵی زیاتر لە پێناو هێورکردنەوەی دۆخەکە. هەروەها رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی وەک سەکۆیەکی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە، پەرەپێدانی میانڕەوی و دادپەروەری بۆ ستەملێکراوان دانرا و لەو چوارچێوەیەشدا سوپاسی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی پاکستان کرا لە رووبەڕووبوونەوە و کوژاندنەوەی ئاگری قەیرانەکاندا.


AM:11:31:17/10/2026








ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت