لە هەشت مانگدا؛ داهاتی عێراق بە نزیکەیی 45% کەمیکردووە

‌

وێستگەنیوز-

بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەبارەی خەرجی و داهاتەکان لە مانگی کانوونی دووەم تا ئابی ئەمساڵ، جیاوازیی نێوان داهات و خەرجییەکانی عێراق کورتهێنانێکی گەورەی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە 33.6 تریلیۆن دینار، کە ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیادبوونێکی 5.5%ی بەخۆیەوە بینیوە.


لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆی داهاتەکانی عێراق لە هەشت مانگدا 45.3 تریلیۆن دینار بووە (داهاتی نەوتی و نانەوتی)، کە بەراورد بە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2025 بڕی 37 تریلیۆن دینار، واتە بە رێژەی 44.9% کەمی کردووە. زۆرترین پاشەکشەش لە داهاتی نەوتیدا روویداوە کە بە بڕی 44.7 تریلیۆن دینار دابەزیوە و گەیشتووەتە 34.7 تریلیۆن دینار (77%ی کۆی داهات)، لە کاتێکدا داهاتی نانەوتی بە بڕی 2.1 تریلیۆن دینار (رێژەی 24.7%) گەشەی کردووە و گەیشتووەتە 10.6 تریلیۆن دینار (23%ی کۆی داهات).

لە بەرامبەردا، کۆی خەرجییەکانی عێراق لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 78.9 تریلیۆن دینار بووە، کە هەرچەندە بەراورد بە هەمان ماوەی 2025 بە بڕی 8.5 تریلیۆن دینار کەمیکردووە، بەڵام بەشی هەرە زۆری کە 75.7 تریلیۆن دینارە (95.9%ی تەواوی خەرجییەکان) بۆ خەرجیی بەکارخستن رۆیشتووە. لەو بڕەش 59.3 تریلیۆن دیناری تەنها بۆ مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی بووە (75.1%ی کۆی گشتیی خەرجی). لە بەرامبەردا خەرجیی وەبەرهێنان لە ئاستێکی زۆر کەمدایە و تەنها 3.1 تریلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە 3.9%ی خەرجییەکان.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە کە خەرجییەکانی هەرێم بۆ ئەو هەشت مانگە 8.3 تریلیۆن دینار ئەژمار کراوە، کە تەنها 7.4 ملیار دیناری تایبەت بووە بە کۆمەک و تەواوی بڕەکەی دیکە بۆ مووچە بووە.

بەپێی ئەم ئامارانە، کورتهێنانی دارایی لە عێراقدا گەیشتووەتە 42.5%، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2025 قەبارەی کورتهێنان تەنها 5.1 تریلیۆن دینار بووە.


PM:01:23:16/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت