فوئاد حسێن: عێراق بووەتە قوربانیی ململانێکان و نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی دارایی بەرکەوتووە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 16ی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەکانەوە جەختی لەوە کردبووەوە کە نابێتە بەشێک لە جەنگ، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران و پەرەسەندنی ململانێ هەرێمییەکان، هێرش کراوەتە سەر خاکی عێراق و بووەتە قوربانیی ئەو دۆخە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕووی ئابوورییەوە بەهۆی بەردەوامیی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی وەستاوە، ئەمەش زیانێکی دارایی زەبەلاحی لێکەوتووەتەوە کە بە نزیکەی 60 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئابووریی وڵات بە شێوەیەکی سەرەکی پشتبەستووە بە فرۆشتنی نەوت، هەروەها ڕوونی کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم ململانێیانە بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان کە کاریگەریی خراپی سەر ئابووریی جیهان و ئەوروپاشی هەبووە.
ئەم ڕاگەیەندراوانەی وەزیری دەرەوە لە کاتێکدا هات کە لە ڕۆما لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکی وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا ئاسۆی پێشخستنی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان بەغدا و ڕۆما تاوتوێ کران، بەتایبەت لە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرباری بەدواداچوون بۆ دۆسیە دارایی و سەربازییە هەڵپەسێردراوەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو. فوئاد حسێن پێزانیی بۆ پشتیوانییەکانی ئیتالیا دەربڕی لە جەنگی دژی داعش و مەشقپێکردنی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگە.
لە بارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا، وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ستراتیژییە و تەنها پابەند نییە بە مانەوەی هێزە سەربازییەکان، بەڵکو لەم قۆناغەدا وەرچەرخانی بەخۆوە بینیوە بەرەو پەرەپێدانی کەرتی ئابووری. سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ڤاتیکانیش، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی کریستیانەکانی عێراقی تاوتوێ کردووە وەکو پێکهاتەیەکی دێرین و ڕەسەنی وڵاتەکە کە پاراستنی مافەکانیان ئەرکێکی سەرەکییە.
لە کۆتاییدا فوئاد حسێن داوای لە یەکێتی ئەوروپا و ئیتالیا کرد ڕۆڵێکی کارا بگێڕن لە پشتیوانیکردنی دەستپێشخەرییە ئاشتیییەکان و هاندانی لایەنەکان بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان بە مەبەستی ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان. لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ستایشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی کرد و داوەتنامەیەکی فەرمیی پێشکەش کرا بۆ سەردانیکردنی عێراق.
AM:09:32:16/10/2026
ئهم بابهته 368
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت