عەلی زەیدی گەشتەکەی بۆ سعوودیە دەست پێدەکات

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو شانشینی سعوودیە بەڕێ بکەوێت، کە وەک دەستپێکی گەشتێکی ناوچەیی بۆ وڵاتانی کەنداو هەژمار دەکرێت و دواتریش دەوڵەتی کوێت دەگرێتەوە، لەم سەردانەدا کۆمەڵێک پرسی هاوبەشی ئەمنی، سیاسی و ئابووری دەخرێنە بەرباس.


سەردانەکەی زەیدی بۆ ریاز دوای ئەوە دێت کە پێشتر و لە 29ی تەمووزی ئەمساڵدا بەهۆی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و چەند گرووپێکی چەکدار سەردانەکە هەڵوەشێنرابووەوە، بەڵام دوای هەوڵ و نێوەندگیرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان گرژییەکان بەرەو خاوبوونەوە چوون و زەمینە بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ رەخسێنرایەوە، لەم چوارچێوەیەدا، زەیدی پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی رایگەیاند کە پەیوەندییەکانی بەغدا و ریاز گرنگییەکی ستراتیژییان هەیە و هەردوولا هەنگاوی باشیان ناوە لە دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەدا، هاوکات جەختی کردەوە کە ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی سعوودیە بەشێکن لە هاوکێشەی ئاسایشی کەنداو و ناوچەکە، عێراقیش دەتوانێت وەک نێوەندگیرێک هێزە ناوچەییەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەکاندا، سەرۆک وەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هێرشکردنە سەر خاکی سعوودیە و پرسی سەروەریی خاکی عێراق تاوتوێ دەکات، سەرچاوەیەکی حکومیی عێراق ئاشکرای کردووە کە تەوەرە سەرەکییەکان بریتین لە دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان و رێگاکانی چارەسەری ئەو تەنگژە ئابوورییانەی رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە لە سایەی ئاڵۆزییە ناوچەییەکاندا.

هاوکات، پرسی دەستدرێژییەکان بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی عێراق دەنگدانەوەی هەبووە؛ سەرکردەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە سەرۆک وەزیران ئەو هێرشانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بخاتە روو و گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەیان بەدەستبهێنێت، هاوکات گومانی خۆی پێشانداوە لە توانای بەغدا بۆ کاریگەریدانان لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان سعوودیە و بزووتنەوەی «ئەنساروڵڵا»ی یەمەنی. لە لایەکی دیکەوە، ئیبراهیم سەراج، توێژەری سیاسی پێی وایە هەر نێوەندگیرییەکی راستەوخۆی عێراق لە دۆسیەی ئاڵۆزی وەک قەیرانی یەمەندا پێویستی بە هەژموون و گەرەنتیگەلێک هەیە کە لە ئێستادا لە سەرووی تواناکانی بەغدایە، هەرچەندە عێراق دەتوانێت ببێتە کەناڵێک بۆ ئاسانکاریی دیالۆگ.

لە رەهەندی ئابووریشەوە، گفتوگۆکان بوارەکانی وزە، بازرگانی، وەبەرهێنان و ژێرخان لەخۆدەگرن، لە دیارترین تەوەرەکان، هەوڵەکانی بەغدایە بۆ بووژاندنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراقی - سعوودی کە دەگاتە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێڕەوی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت و دوورخستنەوەی لە مەترسی و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە کە بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، بە ئامانجی تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ململانێکان و هەماهەنگیی هەڵوێستەکان لە ناوچەکەدا.


AM:08:28:14/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو