تۆم باراک و عەلی زەیدی ئاییندەی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدایان تاوتوێ کرد
وێستگەنیوز-
رۆژی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، دیدارێکی بەرهەمداری لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامداوە.
باراک لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ستایشی سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و لەبارەی پرۆسەی بەرقەرارکردنی ئاشتی ئاماژەی بەوە کرد، "سەقامگیری بە میرات وەرناگیرێت، بەڵکو لەلایەن ئەو سەرکردانەوە بنیاددەنرێت کە رێگە سەختەکە هەڵدەبژێرن"، هەروەها روونیکردەوە کە پاراستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی عێراق بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەوە، و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشیی زەیدی لە بەرەوپێشبردنی هەوڵە هاوبەشەکان دەربڕی.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە 30ی ئەیلوولی رابردوو ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتاییهات و هەردوولا بەرەو هاوبەشییەکی بەرفراوانی ئابووری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان هەنگاو دەنێن، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەماهەنگییە ئەمنییەکان.
پێشتریش لە رۆژی دووشەممەدا، تۆم باراک لە بەغدا لەگەڵ ستیڤ فاگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری ئەمەریکا کۆبووەوە و دووپاتیکردەوە کە هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی ئەمنییەوە بەرەو بواری فراوانتری ئابووری دەڕوات. هاوکات رۆژی شەممەی پێشووش لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆببووەوە و پێکەوە تاوتوێی دۆخی دوای ئەرکی هاوپەیمانان، گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و بارودۆخی دارایی و نرخی ئاڵوگۆڕی دیناریان کردبوو.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان عێراق و ئەمەریکا بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەجۆرێک پێشتر هەردوولا لە مانگی حوزەیراندا جەختیان لە گرنگیی کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان کردبووەوە. لەو چوارچێوەیەشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 1ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پەسەندکردنی نەخشەرێگەیەکی بۆ ئەم دۆسیەیە راگەیاند، کە تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2027 بەردەوام دەبێت، هاوکات لەگەڵ قۆناغی پاش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
AM:08:28:13/10/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت