(EIA): هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بە تەواوی راوەستا

‌

وێستگەنیوز-

ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) لە نوێترین راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا بە تەواوی راگیراوە و ئاستەکەی گەیشتووەتە سفر بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە هەفتەی پێشتردا رۆژانە 51 هەزار بەرمیل هەناردە کرابوو.


بەپێی داتاکانی ئیدارەکە، هاوکات لەگەڵ سفرکردنەوەی نەوتی عێراق، تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە نۆ وڵاتی سەرەکیی دابینکەرەوە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 145 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

لە ریزبەندیی هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا، کەنەدا لە پلەی یەکەمدا ماوەتەوە بە هەناردەکردنی رۆژانەی 3 ملیۆن و 891 هەزار بەرمیل، لە دوای ئەویش ڤەنزوێلا بە 624 هەزار بەرمیل، نێجیریا بە 376 هەزار بەرمیل و گویانا بە 354 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دێن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە بڕی هاوردەی نەوتی ئەمریکا لە بەرازیلەوە گەیشتووەتە 301 هەزار بەرمیل، سعوودیە 228 هەزار بەرمیل، مەکسیک 186 هەزار بەرمیل، ئەرجەنتین 112 هەزار بەرمیل و کۆڵۆمبیاش 73 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە واشنتن زۆرینەی پێداویستییە نەوتییەکانی لەو وڵاتانەوە دابین دەکات، و بە هەبوونی خواست و بەکاربردنی نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمریکا وەک گەورەترین بەکاربەری نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا دەمێنێتەوە.


AM:10:55:11/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت