داعش قەناس بۆ تێکشکاندنی کامێرا حەرارییەکان و هێرشکردنە سەر خاڵە سەربازییەکان بەکاردەهێنێت

‌

وێستگەنیوز-

زانیارییەکی نوێی هەواڵگری ئاشکرای دەکات، چەکدارانی داعش تەکتیکێکی نوێیان بۆ هێرشکردنە سەر خاڵە سەربازییەکان گرتووەتەبەر و بەنیازن لەڕێی قەناسەوە کامێرا حەرارییەکان لەکار بخەن، هاوکات هۆشداریش دەدرێتە هێزە ئەمنییەکان لە قۆستنەوەی کەشوهەوای زستان لەلایەن ئەو چەکدارانەوە.


بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییە ورد و پشتڕاستکراوانەی کە لەسەر سەرکردە و هاوکارانی داعش دەستکەوتوون، چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە ئامادەکارییان کردووە بۆ بەئامانجگرتنی کامێرا حەرارییەکانی سەر خاڵە سەربازییەکان.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، داعش قەناسی تایبەتی ئامادە کردووە بۆ لێدانی کامێراکان لە دوورەوە، ڕاستەوخۆ دوای تێکشکاندن و لەکارخستنی کامێراکانیش، هێرش دەکەنە سەر ئەو خاڵە سەربازییانەی کە دەکەونە نزیک سنووری جووڵەکانیانەوە.

لە بڵاوکراوە هەواڵگرییەکەدا، هۆشداریی توند دراوەتە هێزە ئەمنییەکان کە ئەوپەڕی ڕێوشوێن و ئامادەباشی بگرنەبەر و بە شەو و ڕۆژ چاودێرییەکی ووردی دەوروبەری بازگە و خاڵەکانیان بکەن.

هەروەها جەختیش لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی چاودێریی ئاسمانی کراوەتەوە وەک باشترین ڕێگە بۆ لەباربردنی دەرفەتی هێرشکردن لە دوژمن.

هەر لە چوارچێوەی زانیارییەکاندا، تێبینییەک ئاراستەی هێزە سەربازییەکان کراوە سەبارەت بە گۆڕانی وەرز و هاتنی زستان، بەو پێیەی چەکدارانی داعش تاریکیی شەوانی زستان زیاتر لە وەرزەکانی دیکە بۆ هێرشەکانیان دەقۆزنەوە.


AM:10:41:10/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت