دەستەی دەستپاکی عێراق: لە هاتووچۆی سەڵاحەدین زیاتر لە 2 ملیار دینار دزراوە و چەندین ئەفسەری باڵا تێوەگلاون
وێستگەنیوز-
دەستەی دەستپاکیى عێراق پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سەڵاحەدین هەڵدایەوە، کە تێیدا زیاتر لە 2 ملیار دینار لە رێگەی دەستکاریکردنی پسوڵەکانی سزای داراییەوە دزراوە و ژمارەیەک ئەفسەری باڵاش تێوەگلاون.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین دوای بەدواداچوونێکی ورد ئاشکرایان کردووە، بەرپرسی هۆبەی سزای دارایی و دزییەکان لە کۆمەڵگەی تۆمارکردنی مۆڵەت و ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگاکە، کە ئەفسەرێکە بە پلەی عەقید و لە ئێستادا دەستبەسەرە، دەستکاریی 34 هەزار و 164 پسوڵی سزای دارایی کردووە. ئەو ئەفسەرە لەو رێگەیەوە بڕی 1 ملیار و 853 ملیۆن و 200 هەزار دیناری بۆ بەرژەوەندیی خۆی بردووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید دەستگیرکراوە، کە دەستی هەبووە لە دزینی 339 ملیۆن و 135 هەزار دیناردا، هاوکات تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەر 22 هەزار پسوڵی ساختەکراو و دەستکاریکراودا گرتووە کە پارەکانیان بردرابوو.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکان سێ ئەفسەری باڵای دیکەشیان گرتووەتەوە، کە یەکێکیان بە پلەی عەمید و دووانەکەی دیکە بە پلەی عەقیدن؛ بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا وردبینیی پێویستیان بۆ بڕە پارە و نێردراوەکانی سزای دارایی نەکردووە، ئەوەش رێگەی خۆشکردووە کە ئەم دەستکاری و دزییە ئاشکرا نەبێت.
دەستەی دەستپاکی جەختی کردووەتەوە کە تەواوی ئەم رێکار و دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامانە، لە دوو ئۆپەراسیۆندا و بە پشتبەستن بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین (تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی) ئەنجامدراون، رێکارەکانیش بەردەوامن تا دەرکەوتنی تەواوی کەمتەرخەم و تێوەگلاوانی ئەم دۆسیەیە.
AM:11:23:07/10/2026
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت