بە بڕیاری حکومەتی عێراق زیاتر لە 3 تریلیۆن دینار دەخرێتە بازاڕەوە

‌

وێستگەنیوز-

رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات، کە بە بەشداریی وەزیری دارایی، پارێزگاری بانکی ناوەندی، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بانکە حکومی و نوێنەرانی بانکە تایبەتەکان بەڕێوەچوو.


کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییە داراییەکان بوو بۆ جووڵاندنی بازاڕ و هاندانی چالاکییە ئابوورییەکان لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، بیناسازی، گەشتوگوزار و خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دارایی گرنگ دەرکراون بۆ خستنەگەڕی زیاتر لە 3 تریلیۆن دینار لە بازاڕدا، بەم شێوەیە:

یەکەم: تەرخانکردنی 1 تریلیۆن دینار لە دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی بۆ بووژاندنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون و خانووبەرە.

دووەم: دابینکردنی نەختینەی کاش بە بڕی لانیکەم 1 تریلیۆن دینار بۆ هەردوو بانکی بازرگانیی عێراق و بانکی پیشەسازی، بە مەبەستی خستنەگەڕی لە پڕۆژە پیشەسازییەکان و بەرهەمهێناندا.

سێیەم: خەرجکردنی 500 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ شایستە داراییەکانی بەڵێندەران، بە ئامانجی دابینکردنی نەختینە بۆ کۆمپانیاکان و بەردەوامیدان بە پڕۆژەکانیان.

چوارەم: خەرجکردنی 500 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی جووتیاران وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی.

پێنجەم: زیادکردنی 500 ملیار دیناری دیکە بۆ سندووقی نەوەکان، کە بەمەش کۆی گشتی سەرمایەی سندووقەکە دەگاتە 1.5 تریلیۆن دینار، بۆ بەهێزکردنی توانای سندووقەکە لە ئەنجامدانی پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکاندا.


AM:08:48:05/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت