چوارچێوەی هەماهەنگی: فەسیلەکان بەرپرسانە مامەڵەیان کرد و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش پابەندی کشانەوەیە لە عێراق

‌وێنە: ئەرشیف

وێستگەنیوز-

چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە هەڵوێستی فەسیلە چەکدارەکان و پابەندبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە کشانەوە لە وڵات کرد، هاوکات جەختی لە پتەوکردنی دەوڵەتی دامەزراوەکان و سەروەریی یاسا کردەوە.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی رابردوو هەینی لەسەر بانگهێشتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆشکی حکومەت کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییە هەنووکەییەکان و شایستەکانی قۆناغی دوای "رۆژی سەروەری"، کە وەک وێستگەیەکی مێژوویی لە رێڕەوی سەربەخۆیی و سەقامگیریی عێراق وەسف کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی وێڕای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی بۆ هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر پاراستنی سەروەریی نیشتمان و دەربڕینی پێزانین بۆ رۆڵی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی، هەڵوێستی بەرپرسانەی فەسیلەکانی بەرامبەر بە بەرژەوەندیی گشتی بەرز نرخاندووە لە پابەندبوونیان بە بەڵگەنامەی رێککەوتنەکە کە بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتە بەرهەم.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دامەزراوەکان کردووەتەوە و داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە پێبەندی هێورکردنەوەی تەواو و گشتگیر بن. هەروەها دەستخۆشی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە بۆ پابەندبوونی بە کشانەوە لە عێراق لەو ماوە دیاریکراوەی بۆی دانراوە، پاش ئەوەی رۆڵیان لە جەنگی دژی تیرۆردا گێڕا.

سەبارەت بە دۆسیەی چەک، چوارچێوەی هەماهەنگی سوپاسی هەوڵەکانی لیژنەی چوارقۆڵیی کردووە و داوای کردووە بە هەمان شێواز کارەکانیان بەردەوام بێت تا 30ی حوزەیرانی 2027، کە وادەی کۆتایی رێککەوتنەکەیە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی دەستووریی تایبەت بە یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی پرسی چەک.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە متمانەی تەواوی خۆیان بە توانستەکانی حکومەت و دەوڵەت دەربڕیوە لە پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ وەبەرهێنان لە سەرتاسەری عێراقدا.


AM:08:56:03/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت