عەلی زەیدی دەستپێکردنی قۆناخی نوێی سەروەریی نیشتمانیی لە عێراق راگەیاند
وێستگەنیوز-
عەلی زەیدی،
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆنفرانسی (رۆژی سەروەری)دا دەستپێکردنی
قۆناخێکی نوێی سەروەریی نیشتمانیی راگەیاند.
وتیشی، ئەم
قۆناخە لەسەر شەش پایەی ستراتیژیی ناوخۆیی و هەرێمی بونیادنراوە، بە ئامانجی
کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاسمان و خاک و ئاوە هەرێمییەکانی وڵات لەلایەن دەوڵەتەوە.
کۆنفرانسەکە
بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەیبەت حەلبووسی،
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی باڵا و سەرکردەی هێزە سیاسییەکان و نوێنەرانی
نێردە دیپلۆماسییەکان بەڕێوەچوو.
زەیدی جەختیشی
کردەوە، هەوڵەکانی گەلی عێراق و خوێنی شەهیدان گەیشتووەتە دەستکەوتێکی شایستە بۆ
گەڕاندنەوەی تەواوەتیی سەروەریی نیشتمانی.
ئاماژەی بەوەش
کرد، قۆناخی نوێی سەروەریی نیشتمانی لەسەر چەند پایەیەکی سەرەکی بونیادنراوە، کە
دیارترینیان بریتییە لە کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و
کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵاتدا.
لە هەمان
کاتدا رێککەوتن کراوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا، دەرکردنی چەکدارانی پارتی
کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سەرجەم گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنە بیانییەکان، بە
ئامانجی رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر
وڵاتانی دراوسێ.
لەسەر ئاستی
ناوخۆییش، پلانەکە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەت بۆ بەهێزکردنی
یەکڕیزیی بڕیاری ئەمنی، کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی چەک بەپێی دەستوور و یاسا لە رێگەی
خشتەیەکی زەمەنییەوە بۆ تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت،
هەروەها دەستپێکردنی بونیاتنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی نیشتمانیی تەواوکاری
لەخۆ دەگرێت.
لە کۆتاییدا، ستایشی
ئەو گرووپانەی کرد کە پابەندبوونی خۆیان بۆ چەکدانان بەپێی خشتەی حکومەت نیشانداوە،
جەختیشی کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاراستنی سامانی
نەوت، بەشێکی دانەبڕاون لە سەلماندن و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی.
PM:09:16:01/10/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت