دەستەی راگەیاندن و گەیاندن دوو مەرج بۆ کارکردنەوەی کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆم دیاری دەکات

‌

وێستگەنیوز-

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق دوو مەرجی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆم بۆ سەر کار و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ڕێکخستنەوەی دۆخی یاسایی کۆمپانیاکە دیاری کرد، کە بریتین لە پێشکەشکردنی ئەستۆپاکی لە باج و دانی بڕی 500 ملیار دینار وەک بڕی پێشینە.

بەلیغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، مەرجی یەکەم بریتییە لە پێشکەشکردنی ئەستۆپاکی لە باج لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، مەرجی دووەمیش پێدانی بڕی 500 ملیار دیناری عێراقییە بە دەستەکە.

روونیشی کردەوە، ئەم بڕە پارەیە دەکاتە نزیکەی چواریەکی کۆی ئەو شایستە داراییانەی کە لەسەر کۆمپانیای کۆرەک کەڵەکە بوون و وەرگرتنی وەک دەستپێک و نیشاندانی نییەتپاکی و جدییەتی کۆمپانیاکەیە لە دانەوەی قەرزەکانیدا.

جەختیشی کردەوە، دانی ئەم 500 ملیار دینارە بە مانای خۆشبوون لە بڕە پارەکانی تر نایەت، بەڵکو دانەوەیان لە چوارچێوەی گرێبەستێکی نوێی رێککەوتندا رێک دەخرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ جێبەجێکردنی هەردوو مەرجەکەدا، دەستەکەیان ئامادەیە گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆرەک واژۆ بکات و رێکارە یاساییەکان بباتەسەر، هاوکات داوای لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم کرد هاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە تاوەکو مافی هاووڵاتییان و دەوڵەت پێکەوە بپارێزرێت.


PM:08:51:30/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت