قاسم ئەعرەجی: کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای بڕینی پەیوەندییەکان نایەت
وێستگەنیوز –
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە مانای ڕاگرتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام نایەت، بەڵکو گواستنەوەیە بەرەو قۆناغێکی بەهێزتری هاوکاریی دووقۆڵیی لە بوارەکانی ئەمنی و هەواڵگریدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی گەیشتووەتە وێستگەیەکی مێژوویی و گرنگ بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان، جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە سەروەریی نیشتمانی جێگیرتر دەکات و دەبێتە پاڵپشتێک بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلی عێراق.
ئەعرەجی باسی لەوەش کرد، ئەو سەرکەوتنەی بەسەر ڕێکخراوی داعشدا بەدەستهات، بەرهەمی قوربانیدان و ئازایەتیی سەرجەم جۆرەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو، هاوکات ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستیشی لە هاوکاریکردنی بەغداد بە بەرز نرخاند.
لە کۆتاییدا ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە، قۆناغی نوێی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتری، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، پێشخستنی توانای هێزەکان و پاراستنی سەقامگیریی بەردەوام لە وڵاتدا بونیاد دەنرێت.
AM:08:55:30/09/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت