حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتێکی لەبارەی دەستکاریکردنی پشکی هەرێم لە سەرژمێریدا بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز-
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاپۆرتێکی شیکاریی و فەرمیی لەبارەی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی عێراق بڵاوکردەوە و تیشکی خستووەتە سەر ئاستەنگ و پێشێلکارییەکان، کە تێیدا جەخت دەکاتەوە بە شێوازێکی نایاسایی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە 14.14% بۆ 12.68% کەمدکراوەتەوە.
بەپێی ئەو نووسراوەی دەست وێستگەنیوز کەوتووە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە 20ـی تشرینی دووەمی 2024، باڵدەستی و بڕیارە تاقلایەنەکانی حکومەتی فیدراڵ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و کەمکردنەوەی ناڕەوای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 دەبێت.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانیش، حکومەتی هەرێم ئاشکرای کردووە تا ئێستا بڕی 13.8 ملیار دیناری خەرجییەکانی سەرژمێری لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم دابین نەکراوە، هاوکات بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکانی پێشوو نەبووە و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی لە پڕۆسەکەدا پەراوێز خستووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ ژمارەی دانیشتووانی ئاوارە و پەنابەڕانی نیشتەجێی هەرێمی لە ژمارەی گشتی کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 500 هەزار کەس لە ناوچەکانی شێخان، زێلکان، فايدە، قەراج، گوێر، دیبەگە و مەخموور لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم بەخێو دەکرێن بەڵام بەغدا وەک دانیشتووانی هەرێمی هەژمار نەکردوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکاری جدی هەیە بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی پشکی 14.14%ی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027ـدا، چونکە دابەزاندنی ئەو ڕێژەیە دەبێتە هۆی بێبەشکردنی هاوڵاتییانی هەرێم لە پشکی دامەزراندن، بەشەخۆراک، دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
لە کۆتاییشدا ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە قەرەبووکردنەوەی هەڵە مێژووییەکانی ساڵانی 2019 بۆ 2025 و پشت بەستن بە داتای دەستکاریکراوی سەرژمێری لەلایەن هەرێمەوە بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە.
PM:03:46:28/09/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت