قەیس خەزعەلی: قبوڵی ناکەین عێراق بەشداربێت لە گەمارۆکانی سەر ئێران
وێستگەنیوز-
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دژی گەمارۆکانی سەر ئێران دەوەستێتەوە و پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن عێراق بەشداربێت لەو گەمارۆیانەدا.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، سەبارەت بە دۆخی ئێران هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە و بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەیە کە ببینین کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەوە گەمارۆ دراوە، لە بەرامبەریشدا عێراق تەنها تەماشاکەر بێت، یان خراپتر لەوە، خۆی بەشدار بێت لەو گەمارۆیەدا.
خەزعەلی هۆکاری ئەو هەڵوێستەی گەڕاندەوە بۆ ئەو پەیوەندییە مێژووییانەی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوە کرد، بوونی پەیوەندییەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینیی نێوان عێراق و ئێران، بەتەواوی ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەکی لەو شێوەیە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وتی: دەبێت هەڵوێستی ئێستای عێراق ڕێک هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانە بێت کە لە ڕابردوودا بەرامبەر گەمارۆدانی گەلانی وەک تورکیا و ئەفغانستان نواندوویەتی.
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی عێراق کرد و تیایدا داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد واز لە یەکتر تۆمەتبارکردن بهێنن و یەکڕیز بن، بۆ ئەوەی بتوانرێت بڕیارێکی سەروەری و مرۆیی دوور لە ترس و هەڕەشە بدرێت.
لە کۆتاییشدا، قەیس خەزعەلی داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کرد ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بگرنەئەستۆ، تاوەکو ڕێگە نەدرێت عێراق بکرێتە ئامرازێک بۆ تێپەڕاندن و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە لە کۆتاییدا باجەکەی بە زیانگەیاندن بە گەلانی ناوچەکە دەشکێتەوە.
PM:07:37:26/09/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت