بەغدا هەوڵی بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران دەدات
وێستگەنیوز-
حکومەتی عێراق لە گفتوگۆی راستەوخۆدایە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە مەبەستی پاراستنی بێلایەنیی خۆی و بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی لەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاندوونی.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاردانەوەی ئەو رێکارانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە دژ بە گەشتی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران گیراونەتەبەر، بەغدا دەستپێکردنی گفتوگۆی لەگەڵ واشنتۆن هەڵبژاردووە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی بڕیاری بەدەرکردن (ئیستسنا) بۆ ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو رێکار و سزایانە.
ئەم هەنگاوەی بەغدا بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە مەدەنییەکانی هاوڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، لەوانەش: کەیسە مرۆییەکان، چارەسەری پزیشکی، خوێندنی خوێندکاران لەگەڵ سەردانیکەرانی مەزارگە ئایینییەکان.
هاوکات حکومەتی عێراق هۆشداری داوە لەوەی کە پەرەسەندن و بەردەوامیی قەیرانەکان، بارودۆخی ناوچەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەبات، لەو روانگەیەشەوە داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کێشە و ئاڵۆزییەکان دوور لە گرژی و تەنها لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە یەکلایی بکەنەوە، لە پێناو پاراستنی ئارامی و بەرژەوەندیی وڵاتان و گەلانی ناوچەکەدا.
AM:10:44:26/09/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت