عەلی زەیدی و بەرهەم ساڵح کۆبوونەوە

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ 25ی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە شاری نیویۆرک پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و شاندێکی یاوەری کرد.


بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، لە دیدارەکەدا تاوتوێی چەند پرسێکی تایبەت بە دۆسیەی پەنابەران و ئاوارەکان و رێگاکانی پتەوکردنی هاوکاریی نێوان عێراق و کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران (UNHCR) کراوە، هاوکات تیشک خراوەتە سەر هەوڵە مرۆییەکان بۆ پشتیوانیکردنی توێژە زیانلێکەوتووەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆر بە دۆسیە مرۆییەکان دەدات و سوورە لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، باشترکردنی بژێویی ژیانیان و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا.

عەلی فالح زەیدی جەختیشی کردووەتەوە لە پێویستیی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ئاوارەبوون، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوەکو مافی ئاوارە و پەنابەران بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پارێزراو بێت و زەمینەیەکی گونجاو بڕەخسێنرێت بۆ چارەسەری ریشەیی گرفتەکە و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان.

لەلایەن خۆیەوە، بەرهەم ساڵح کۆمسیاری باڵای پەنابەران ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری و پاڵپشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە بوارەکانی مرۆیی، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ داخستنی یەکجارەکیی دۆسیەی ئاوارەیی لە وڵاتدا.


AM:10:30:25/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو